وێنەی وێستگەی ئەتۆمیی فۆردۆ دوای بۆردومانكردنی لە لایەن ئەمریكاوە. وێنەكە مانگی دەستكردی كۆمپانیای پلانێت لاپس بی بی سی گرتوویەتی
دامەزراوەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی
“هیچ پیسبوون و تیشکدانەوەیەكی ئەتۆمی لە عێراق تۆمار نەكراوە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دامەزراوەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی و تیشكدانەوەی عێراق رایگەیاند، دوای بۆردومانەكانی وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران، هیچ پیسبوونێکی تیشکدەر لە عێراقدا نەبووە، ئاماژەیان بەوەش کرد پێوانەکان لە سیستمی چاودێریی تیشک و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە دەروازە سنوورییەکان ئاماژەیان بە هیچ پیسبوونێک نەکردووە.
دامەزراوەكە لە راگەیاندراوێكدا ئەمڕۆ یەكشەممە 22.6.2025 بڵاویكردەوە، لە ئامادەکاری و رووبەڕووبوونەوە و وەڵامدانەوەی حاڵەتە نائاساییە ئەتۆمییەکان و تیشکییەکان، لەوەتەی شەڕی ئیسرائیل و ئێران دەستیپێكردووە، ئەوانیش كاری خۆیان دەكەن و چاودێریی دەكەن.
هەروەها هاتووە، “بە پشتبەستن بە پێشهاتەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22.6.2025 لە ئەنجامی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجامیان دا و لە رێگەی پێوانەکانی چاودێری و چاودێری لە سیستمی چاودێریی تیشک و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و پێوانەکردنی تیشک لە دەروازە سنوورییەکان، هیچ پیسبوونێکی تیشکدەرەوەی بەرچاو دەستنیشان نەکرا”.
“هەموو پێوانەکان بۆ تیشكدانەوە، لە سنووری تیشکی پاشخانی سروشتیدا بوون، وەک لە سەرەتای قەیرانەکەوە لە شیکارییەکانمان بۆ رەوتی رووداوەکاندا ئاماژەمان پێکردووە” لە راگەیاندراوەكەی دامەزراوەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی و تیشكدانەوەی عێراقدا هاتووە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆكەكانی ئەمریكا هێرشیان كردە سەر هەرسێ وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان و بە وتەی وەزیری بەرگریی ئەمریكا، وێرانیان كردوون، بەڵام ئێران دەڵێ زیانیان بەركەوتووە و وێران نەبوون.