مەترسییەکان چین؟
هاتنەناوەوەی ئەمریکا بۆ ناو شەڕەکە؛ هەرێمی کوردستان و عێراق دەخاتە کوێی هاوکێشەکەوە؟
964+
وریا فەتاح
بەرەبەیانى ئەمڕۆ ئەمریکا هێرشەکانى بۆسەر ئێران دەستپێکرد، پێشتر ئێران و گروپەکانى سەر بە ئێران لە عێراق و ناوچەکە هۆشداریان دابوو، ئەگەر ئەمریکا بچێتە شەڕەوە دژى ئێران، ئەوا دامەزراوە و بەرژەوەندییەکانى لە ناوچەکە بە ئامانج دەگرن، عێراق و هەرێمى کوردستانیش کە چەندین بنکە و بارەگاى ئەمریکى لێیە بەدەرنابن لەو مەترسییە.
ئەم بەرەبەیانییە، ئەمریکا بە فڕۆکەى بى2 هێرشى بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان دەستپێکرد، ئەوەش دواى ئەوەى دوو هەفتە مۆڵەت بە ئێران درابوو کە بچێتە سەر مێزى گفتوگۆ.
ئەم هێرشانەى ئەمریکا و بەشدارى ئەو وڵاتە لەپاڵ ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، ئەگەرى فراوانبوونى شەڕەکە بەهێز دەکات، بەتایبەتیش لە عێراق.
مەترسییە ئەمنییەکان چین؟
بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا وەک بنکەى ئاسمانى عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنکەى هەریر لە نزیک هەولێر، هەروەها کۆنسوڵخانەى ئەمریکا لە هەولێر و باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا، لە دواى هێرشەکەى شەوى رابردوو، ئەگەرى بەهێز ئەوەیە ببنە ئامانجى ئێران و هێزەکانى سەر بە ئێران.
شوێنە هەرە مەترسیدارەکان کامانەن؟
دواى هێرشەکانى ئەم بەرەبەیانییەى ئەمریکا بۆسەر ئیران مەترسیدارترین شوێن کە ئەگەرى فراوانبوونى گرژییەکانى لێدەکرێت ئەمانەن:
شارى هەولێر و دەوروبەرى
بەهۆى بوونى کۆنسوڵخانەى ئەمریکا، فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر کە هێزەکانى هاوپەیمانان بەکاریدەهێنن، و بنکەى سەربازیى هەریر کە ئەمریکییەکانى لێن، ئەمانە مەترسیدارترین شوێنن لە ئەگەرى دروستبوونى رووبەڕووبوونەوە.
پارێزگاى ئەنبار
لەو پارێزگایە بە تایبەت بنکەى عەین ئەسەد کە گەورەترین بنکەى هێزەکانى ئەمریکایە لە عێراق، مەترسى دەکەوێتەسەر کە هەم لەلایەن ئێران هەم لەلایەن گروپەکانى سەر بە ئێرانەوە بەئامانج بگیرێن.
بەغداى پایتەخت
ناوچەى سەوز، باڵیۆزخانەى ئەمریکا و فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا کە بەشێکى بۆ مەبەستى سەربازى بەکاردێت، لەو شوێنانەن کە ئەگەرى هێرش و رووبەڕووبونەوەیان لەسەر دەبێت.
بنکەکانى حەشدى شەعى
سەرجەم بنکەکانى حەشدى شەعبى لەوانەیە ببنە ئامانجى هێرشى ئاسمانى ئەمریکا، ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک لە ئەگەرى هێرشەکانى ئەو گروپانە بۆسەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە عێراق.
زۆربەى بنکە و بارەگاکانى حەشدى شەعبى دەکەونە نزیک شار و شارۆچکەکان لە پارێزگاکانى عێراقدا.