"هەرگیز ناكرێت لە رێگەی جەنگەوە ئاشتی بەرپا بكرێت"

شێخی ئەزهەر بە زمانی فارسی ئیدانەی هێرشەكانی ئیسرائیل دەكات

964+

محەمەد فاتیح

دوای ئەوەی چەندین وڵات هەڵوێستی خۆیان دەربارەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران خستەڕوو، شێخی ئەزهەریش هەڵوێستی خۆی ئاشكرا كرد و ئیدانەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کرد.

ئەحمەد تەیب شێخی ئەزهەر بە هەردوو زمانی فارسی و عەرەبی ئیدانەی هێرشەكانی ئیسرائیلی كردووە بۆ سەر ئێران و دەڵێت، “بە توندی بەردەوامبوونی دەستدرێژییەكانی قەوارەی داگیركەر بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران شەرمەزار دەكەم”.

دەشڵێت، “دەستدرێژییە سیستماتیکییەکان و هێرشە بەردەوامەکانی ئەم قەوارە قۆرخکار و شەڕانگێزە، ئامانجیان راکێشانی ناوچەکەیە بۆ لێواری تەقینەوە و هەڵگیرساندنی شەڕێکی هەمەلایەنە کە تێیدا جگە لە بازرگانانی خوێن و چەک كەسیتر قازانج ناكات”.

“بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەم ستەمکارییە و شکستهێنان لە وەستاندنی، بە واتای هاوبەشییە لەو تاوانکاریدا و تاکە بەرهەمەکەی هەڕەشەیەكە بۆ سەر ئاسایشی هەموو جیهان و هەرگیز  ناكرێت لە رێگەی جەنگەوە ئاشتی بەرپا بكرێت”، ئەحمەد تەیب شێخی ئەزهەر واى وت.

شێخی ئەزهەر بە زمانی فارسی ئیدانەی هێرشەكانی ئیسرائیل دەكات