دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
"رەنگە پاڵپشتی وەستانی شەڕ بکەم"
ترەمپ: ئیسرائیل وەزعی باشە و ئێران دەناڵێنێت
964+
شۆڕش قادری
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، وەستاندنی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل ئاسان نییە و تا ئێستاش تەلئەبیب براوەیە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کەمێک پێش ئێستا لە نیوجێرسی قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و وتی، “ئیسرائیل لەم شەڕەدا وەزعی باشە و ئێران دەناڵێنێت، ئاسانیش نییە هیچ لایەکیان رازی بکەین بۆ ئەوەی ئەم شەڕە بوەستێنن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، رەنگە بەپێی بارودۆخەکە پاڵپشتی وەستانی شەڕ بکات، ئەو دوو هەفتەیەشی بۆیە داناوە، ئێران بێتەوە هۆش خۆی و واز لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بهێنێت.
ترەمپ وتیشی، “ئێرانییەکان دەیانەوێت لەگەڵ ئێمە گفتوگۆ بکەن، لە ئێستاشدا ناتوانم بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئێرانەوە بدەم”.
سەرۆکی ئەمریکا نەشیشاردەوە کە ئیسرائیل بە تەنیا ناتوانێت بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەناو ببات، بۆیە ئەگەر پێویست بکات، هاوکاری دەکەن.