دیمەنێکی گشتی شاری سلێمانی- وینە: 964
"هیچ ئاماژە و مەترسییەکی تۆمار نەکردووە"
ئامێری پشکنینی تیشکدانەوە ئەتۆمییەکانیان لە سلێمانی دانراوە
964+
شۆڕش قادری
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لە 10 ساڵ لەمەوبەرەوە، ئامێری پشکنینی تیشکدانەوە ئەتۆمییەکانیان لە سنوورەکەیان دانراوە و تا ئێستاش، هیچ ئاماژە و مەترسییەکی تۆمار نەکردووە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی، “ئەمڕۆ دەستەى چاودێریى ئەتۆمیى عێراقى بڵاویکردووتەوە کە لە ئەگەرى هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى ئێران، پشکنین بۆ گەیشتنى کاریگەریی تیشکدانەوەکان لە عێراقدا دەکرێت و ئامێری پشکنینی تیشکدانەوە ئەتۆمییەکانیان لە هەموو پارێزگاکان دانراوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەیەکی زۆر لە کەناڵەکانی راگەیاندن پەیوەندییان پێوەکردوون کە ئایا ئامێرێکی لەو شێوەیە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیی لە سنوری پارێزگای سلێمانی دانراوە؟، هەڤاڵ ئەبوبکر دەڵێت، “لە 10 ساڵ لەمەوبەرەوە لەسەر ئەرکی حکومەتی فیدراڵ ئەم ئامێرە بۆ فەرمانگای ژینگەی پارێزگای سلێمانی دابینکراوە و بە بەردەوامیی تیمی پسپۆڕی فەرمانگەکە چاودێریی و پشکنین و کاری پێدەکات و لە ئێستاشدا بەهۆی ئەم دۆخانەی لە ناوچەکەدا هەن، بەردەوامن لەسەر ئەرک و کارەکانیان و تا ئێستا هیچ ئاماژە و مەترسییەکی تیشکدانەوەیان تۆمار نەکردووە”.
پارێزگاری سلێمانی راشیگەیاندووە، ئەو رونکردنەوەیە بۆ دڵنیاکردنەوەی هەمووانە، نەک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ.