وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران، فۆتۆ: ئاژانسەكان
وتەبێژی كرێملین هۆشداریی دەداتە ئەمریكا
ترس لە دووبارەبوونەوەی كارەساتی چێرنۆبڵ هەیە؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا “کرێملین” دیمیتری پیسکۆڤ رایگەیاند، ئەمریکا نابێت دەستوەردانی سەربازی لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران بکات، چونكە ئەمە دەبێتە فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەكەدا.
پیسکۆڤ لە کۆڕبەندی ئابووریی سانت پترسبۆرگ ئەمڕۆ پێنجشەممە 19.6.2025 رایگەیاند، رەنگە دەستێوەردانەکانی واشنتۆن ببێتە هۆی “بەردەوامی هەڵکشان” و ببێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕێکی فراوانتر لە ناوچەکەدا، ئەو قسانەشی دوای ئەوە دێ، قسەوباسی زۆر هەیە ئەمریكا بێتە ناو شەڕەكە و بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران بۆردومان بكات.
وتەبێژی کرێملین ئاماژەی بەوەش کردووە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆک کۆمار پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شی جینپینگی سەرۆکی چین هەبووە سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە سەرۆکی چین لە رێگەی ئەگەری نێوەندگیرییەوە پشتگیری لە هەوڵەكانی سەرۆكی روسیا دەكات.
لای خۆیەوە پوتین لە لێدوانی بۆ ئاژانسی هەواڵی وڵاتەكەی رایگەیاند، روسیا كاركردنی لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران راناگرێت، بەو پێیەی 600 پسپۆڕی روسی لەوێ کاردەکەن، داواشی لە ئیسرائیل كرد هێرشەكانی بۆ سەر وێستگەكە بوەستێنێت.
مۆسکۆ پشتیوانی لە بەکارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی لە ئێران دەکات، بەڵام بووەنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئێرانەوە رەتدەکاتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای وزەی ئەتۆمی “رۆزاتۆم”ی روسیا، ئەلێکسی لیخاچۆڤ، هۆشداری دا لە بەئامانجگرتنی بوشەهر، چونكە دەڵێت، بۆردومانكردنی وێستگەكە دەتوانێت ببێتە هۆی رووداوێکی هاوشێوەی کارەساتی چێرنۆبڵ لە ساڵی 1986.
لە ساڵی 1986 وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵ لە ئۆكراینا، كە ئەوكات سەر بە یەكێتی سۆڤیەت بوو، تەقییەوە و بووە كارەساتێكی گەورەی مرۆیی و ژینگەیی و كاریگەرییەكانی تا ئێستاش لەسەر ناوچەكە ماون و بە دەیان كەسیش بەهۆی تیشكدانەوەی ئەتۆمی و تووشبوون بە نەخۆشی گیانیان لەدەست دا، زیاتر لە 100 هەزار كەسیش لە ناوچەكە دوورخرانەوە.