خانەی قەیران پێکهێنرا

عێراق و هەشت وڵاتی دیکە خۆیان بۆ ئەگەری بڵاوبوونەوەی ماددەی ئەتۆمی ئامادە دەکەن

964+
ئەحمەد مستەفا

دەستەی نیشتمانی بۆ چاودێری ئەتۆمی و تیشك و كیمیایی و بایۆلۆجی پێكهێنانی ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی “خانەی قەیران”ی بۆ ئامادەكاری و وەڵامدانەوەی حاڵەتە نائاساییە ئەتۆمییەكان، لەسەر ئاستی نۆ  وڵاتی عەرەبی راگەیاند.

جگە لە عێراق، نوێنەرانی ئوردن، لوبنان، یەمەن، كوەیت، لیبیا، بەحرەین، تونس و سودان بەشداری خانەی قەیرانەکەیان کردووە.

دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا كە 964 بینوویەتی دەڵێ، لە چوارچێوەی هاریكاری و هەماهەنگی هاوبەشی نێوان دەزگاكانی رێكخەری عەرەبی لە بواری ئاڵوگۆڕی شارەزایی و دابینكردنی بەرزترین ئاستی ئامادەیی بۆ روبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێكی نائاسایی ئەتۆمی یان تیشكی، كۆبوونەوەیەكی هەماهەنگی لە رێگەی ڤیدیۆكۆنفرانسەوە بەڕێوەچووە.

ئەوەش بە سەرۆكایەتی سالم حامدی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی عەرەبی بۆ وزەی ئەتۆمی، یاریدەدەری سەرۆكی دەستەی نیشتمانیی چاودێری ئەتۆمی و تیشك كیمیایی و بایۆلۆجی و سەرۆكی تۆڕی عەرەبی بۆ دەستەكانی ئەتۆمی (ANNuR) و هەروەها نوێنەرانی دەستەكانی چاودێری ئوردن، لوبنان، یەمەن، كوەیت، لیبیا، بەحرەین، تونس و سودان.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، پێداچوونەوە بە تواناكانی وڵاتانی عەرەبی كراوە لە مامەڵەكردن لەگەڵ باری نائاسایی ئەتۆمی، لەوانەش سیستەمی چاودێریكردن و ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە و دابینكردنی داتای كاتی راستەقینە لە رێگەی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنییەوە كە بۆ ئەو مەبەستە دروست دەكرێت.

لەو کۆبوونەوە، پێكهێنانی ژووری ئۆپراسیۆنەكان “خانەی قەیران” پەسەندكرا، ئەوەش بۆ پەیوەندی دەستبەجێ و هەماهەنگی وەڵامەكان كاتێك هەر گۆڕانكارییەكی نائاسایی لە ئاستی تیشكدا تۆمار دەكرێت.

ئەم رێكخستنانە دەكەونە چوارچێوەی كاری بەكۆمەڵی وڵاتانی عەرەبی بۆ روبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەددایانەی كە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانەوە سەرهەڵدەدەن كە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ناوچەكە دەكەنە ئامانج، ئەوەش بۆ دەستەبەركردنی پاراستنی دانیشتووان و ژینگە و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی ئەتۆمی.

پێکهێنانی ئەم خانەی قەیرانە لە کاتێکدایە، جەنگی ئیسرائیل و ئێران لە ناوە، لە هەمووکاتێک زیاتر ئێستا باس لە ناوبردنی بنکە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئێرانی دراوسێی عێراق دەدرێ، لەوانە فۆردۆ، کە بژاردە هەیە ئەمریکا خۆی ئەو بنکەیە لەناو ببات و ئەگەر هەیە تیشک یان بڵاوبوونەوەی ماددە ئەتۆمییەکان کاریگەری ژینگەیی و مەدەنی بەدواوە بێت.

شەوی رابردوو تا ئەم بەیانییە چی روویدا

شەوی رابردوو تا ئەم بەیانییە چی روویدا