وەزارەتی تەندروستی - وێنە: 964
دوو قسەی هەیە
تەندروستی هەرێم: کەس بەژیری دەستکرد نەمردووە
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بەواداچوونیان بۆ دەنگۆی گیان لەدەستدانی کەسێک کردووە، کە گوایە بە ژیری دەستکرد کۆچی دوای کردووە، بەڵام دەرکەوت ئەو دەنگۆیە وانییە.
جگە لەوەش دوو خاڵی بۆ خەڵک و راگەیاندنەکان هەیە.
دوابەدوای بڵاو بوونەوەی هەواڵێك لە سۆشیاڵ میدیا لەماوەی ڕابردوو گوایە هاوڵاتییەك بەهۆی بەكارهێنانی ژیری دەستكرد كۆچی دوایكردووە، وەزارەتمان بەدواداچوونی تەواوی بۆ بابەتەكە كرد و زانیاری تەواو لە كەسە نزیكەكانی كۆچكردوو و نەخۆشخانە وەرگرت، دەرەنجام گەیشتینە ئەو راستیەی کەوا ئەم هەواڵە راست نییە.
ئەمە قسەی وەزارەتی تەندروستییە و کارەکە بە پڕوپاگەندەیەکی ناو سۆشیاڵیدیا ناو دەبات و ئەمشەو 17.6.2025 دەشڵێ، بەداخەوە چەندین راگەیاندن و پەیجی سۆشیاڵمیدیا بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنی فەرمی کە وەزارەتی تەندروستیە تەنها رۆڵی گواستنەوەی ئەو پڕوپاگەندەیان کرد، لێرەوە بەپێویستی دەزانین دوو پەیامی بەرژەوەندی گشتی بخەینە روو:
یەکەم:
پێویستە هاوڵاتیان هیچ دەرمانێك یان پێداویستی پزیشکی بەبێ ڕاوێژی پزیشكی چارەسەر و شوێنی فەرمی نەبێت بەكاری نەهێنن و گوێ لە هیچ ڕیکلامێکی ئۆنڵاین و سۆشیاڵمیدیا نەگرن کە بەبێ مۆڵەت و دەرمانی نایاسایی نابێت بفڕۆشرێتە هاوڵاتیان وە لەڕووی پزیشکیەوە ئامڕازی زیرەکی دەستکرد بەبێ پشکنینی پزیشکی و بینین و ڕاوێژی پزیشکی چارەسەر هەڵەی پزیشکی لێ دەکەوێتەوە.
دووەم:
ڕاگەیاندنەکان و پەیجەکانی سۆشیاڵمیدیا پێویستە لەگەڵ لایەنی فەرمی بەدواداچوون بکەن پێش بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە.