ناویان لە پلانی کشتوکاڵی نییە
جوتیارەکانی خانەقین خێمەیان هەڵداوە و لەبەردەم زیانێکی زۆردان
964+
ڕاژان باجەڵان – خانەقین
چەند رۆژێکە دەیان جوتیاری خانەقین و دەوروبەری خێوەتێکیان لە یەکتربڕی خانەقین – جەلەولا – سەعدییە هەڵداوە، بەهۆی ئەوەی حکومەت رازی نییە ئەو گەنمەیان لێ بکڕێتەوە کە ماوەی ساڵێکە ماندوویەتی بۆ دەکێشن.
کار وا بروات و حکومەت وەری نەگرێ، دەستی دوو تاکە رێگەیانەوە و کولی تۆنێک 500 هەزار دینار زیان دەکەن.
محەمەد عامر، جوتیارێکی کوردە و بۆ 964 ی گێڕایەوە، پاش ئەوەی گەنمەکە پێگەشتووە و هەمووی ئامادەکردووە بۆ فرۆشتن، حکومەتی عێراقی ئامادە نییە لە سایلۆکان لێیانی بکڕێتەوە بە بیانوی ئەوەی لە پلانی کشتوکاڵیدا نین، جوتیارەکانیش بە ناچاری دەبێت بەرهەمەکانیان بفرۆشێتە بازرگانەکان کە ئەوانیش هەر تۆنێک بە نزیکەیی 350 هەزار دەکڕنەوە، لە کاتێکدا حکومەت بە 850 هەزار لە جوتیار دەیکڕێت.
لەسەر گرفتی ئەو جوتیارانە، جەواد فەیزوڵا، قایمقامی خانەقین بە 964ی وت، پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵ-یان ئاگادار کردووەتەوە و بڕیارەکە تەنیا لەدەستی سەرۆک وەزیرانە و چاوەڕێی دەکەین کارێک بۆ ئەم جوتیارانە بکات.
ئەو وتی، بەپێی ئامارەکان زیاتر لە 40 هەزار تۆن گەنم لەم سنورە بەرهەم هاتووە و حکومەت تەنیا، پێنج هەزار تۆنی لێیان کڕیووەتەوە و ئاوابێت باری جوتیاران هێندەی تر سەخت دەبێت.
سەدان تۆن گەنم لە چەندین دێی خانەقین کۆکراوەتەوە و چاوەڕێی هەڵوێستی حکومەتن و جوتیاران لە خێوەتەکەی خۆیاندا تا ئەوکات پرسە بۆ خۆیان و بەرهەمیان دادەنێن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا