دیمەنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی خانەقین وێنە: 964
خانەقین
گەنجێک لە ئاوی باجەڵان خنکا
964+
راژان ماجید – خانەقین
گەنجێکی تەمەن 17 ساڵ ئێوارەی ئەمڕۆ لە ئاوی باجەڵان نزیک گوندی عالیاوە خنکا، بۆ بەسەربردنی کات لەگەڵ هاوڕێکانی چووبووە مەلەوانی.
دکتۆر شوان شاکر، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی خانەقین بە 964ـی وت، “گەنجەکە تەمەنی 17 ساڵە و پۆلی شەشی ئامادەییە پاش ئەوەی لە کاتی مەلەکردندا خنکا بەرەو نەخۆشخانە هێنایان و سەرەڕای هەوڵێکی زۆر بۆ رزگارکردنی ژیانی نەتوانرا رزگاری بکەین.”
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیامنێری 964 لە شایەتحاڵەکانەوە دەستیکەوتووە، گەنجەکە نزيکەی 30 خولەک لە ژێر ئاو ماوەتەوە و چەندین کەس لەو شوێنە بەدوایدا گەڕاون تا دۆزیویانەتەوە لە ژێر بەردێکی ناو ئاوەکە گیری خواردووە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی خانەقین بە 964ـی وت، گەنجەکە هیچ ئاسەوارێکی ئەشکەنجەی پێوە دیار نەبووە و وەک قسەی یەکەمی بە مردنێکی ئاسایی دانراوە.
تەرمی گەنجەکە بۆ پزیشکی دادی بەعقوبە رەوانە کراوە بۆ ئەنجامدانی کاری توێکاری پێویست و کەسوکارەکەی سکاڵایان لەسەر هیچ کەسێک تۆمارنەکردووە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر