بەڵام، رەنگە رووبدات

ئیسرائیل: تائێستا هێرشمان نەکردووەتە سەر دامەزراوەى فۆردۆ

964+

وریا فەتاح

بەرپرسێکی سەربازی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل دامەزراوەی ئەتۆمی ژێرزەمینیی فۆردۆی ئێرانی نەکردۆتە ئامانج، بەڵام دەڵێت: لەوانەیە ئەوە رووبدات.

ئەوبەرپرسە کە بە کەناڵ 24ـى ئیسرائیلى وتووە،”ئیسرائیل رێوشوێنی خۆپارێزی دەگرێتەبەر بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوەى ئەتۆمى فۆردۆ، چونکە لەوانەیە کارەساتى ناوەکى لێ بکەوێتەوە”.

ئاشکراشى کردووە کە تائێستا ئێران نزیکەى 400 موشەکى بالیستى و سەدان فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانى ئاراستەى ئیسرائیل کردووە و شوێنى مەدەنى و سەربازیشى بە ئامانج گرتووە.

بە وتەى ئەو بەرپرسە، سەرەڕاى ئەو ژمارە موشەکە، بەڵام ژمارەیەکى کەمیان کەوتوونەتە سەر زەوى، ئەمەش نیشانەى ئەوەیە ئیسرائیل سەرکەوتوو بووە لە زیانگەیاندن بە تواناى ئێران بۆ هەڵدانى مووشەک.

وێستگەی فۆردۆ چییە؟

بەشێکی هەرە گرنگە لە بەرنامەی ناوەکیی ئێران و كەوتووەتە ناوچەیەکی شاخاوی لەنزیک شاری قوم لە باکووری ئێران، لەبارەیەوە دەوترێت ئەوەیە کە لە قووڵایی 90 مەتر لەژێر زەویدایە و بەپێی راپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوەکی لە توانای وێستگەكەدایە یۆرانیۆم بە بپیتێنێت.

وێستگە سەر سەختە ئەتۆمییەکەی ئێران لە شوێنێکی ئەوەندە عاسی و قووڵدایە کە زەحمەتە ئیسرائیل بە هەموو توانای سەربازی خۆیەوە بتوانێت هیچی لەگەڵ بکات، بۆیە ئێستا ئەو وێستگەیە بووەتە گرێکوێرەی شەڕەکە.

لە قوڵایی نزیکەی نیو کیلۆمەتر لە ژێر بەردەڵانی چیایەیەکدا ئێران گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی دامەزراندووە، ئیسرائیلیش هەرچی دەکات دەستی ناگات بەو شوێنە سەختە.

وێستگەی (فۆڕدۆ) بووەتە نهێنی بەردەوامبوونی ئەم شەڕە، چونکە ئیسرائیل بە تواناکانی ئێستایەوە نە موشەکی لەو جۆرەی هەیەو نە فڕۆکەی ئەوەندە گەورەشی هەیە بتوانێت تەقەمەنی وەها هەڵبگرێت کە بگاتە وێستگەکە.

ناوەندە سەربازییەکانی جیهان دەڵێن ئیسرائیل تەنیا دوو بژاردەی لەبەردەستدایە بۆ گەیشتن بە فۆڕدۆ، یان ئەوەتا بە پلانێکی شۆکهێنەری دەستی دەگات بە ناو وێستگەکە، یا ئەوەتا دەبێت ئەمریکا یارمەتی بدات، چونکە ئەو جۆرە رۆکێت و فڕۆکانە تەنیا لای ئەمریکا دەست دەکەون.

خۆ ئەگەر وێستگەکە زەبری بەرکەوت ئەوا ئێران دڵنیا دەبێتەوە کە ئەمریکا یارمەتی ئیسرائیلی داوە، بەمەش ئەمریکا لە شەڕەکەوە دەگلێت.

لە دواهەمین پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان ترەمپ و ناتەنیاهۆ، ترەمپ ئاماژەی ئەوەی داوە کە بە دووری نازانێت ئەمریکا بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەکە یارمەتی ئیسرائیل بدات.

مەترسییەکی گەورەتریش ئەوەیە هیچ کام لە ئەمریکاو ئیسرائیل ناتوانن بە شێوازە کلاسیکییەکان فۆڕدۆ لەناو ببەن، چونکە لەوە دەترسن لێدانێکی قورس ببێتە مایەی دزەکردنی تیشکی ئەتۆم و هەزاران کەس لەو دەوروبەرە لەناو بچن.

ناوەندە سەربازی و هەواڵگرییەکان ئێستا چاویان لەسەر فۆڕدۆیە، دەڵێن ئەگەر ئیسرائیل لەو وێستگەیەی داو لەناوی برد ئەوا باڵادەستی خۆی بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت، خۆ ئەگەر وێستگەکەش سەلامەت مایەوە، ئەوا بەم شەڕە هەڵەیەکی ستراتیژی گەورەی کردووەو پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران خێراتر دەکات.

سوپاى پاسداران کوژرانى حەوت فەرماندەى هێزى ئاسمانى را...

سوپاى پاسداران کوژرانى حەوت فەرماندەى هێزى ئاسمانى راگەیاند