سێ قات زیادبووە
وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان فشارێکی زۆر خستووە سەر دەروازەی ئیبراهیم خەلیل
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
دوای وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکانی عێراق و کوردستان، گەشتیاران بە ناچاری دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل بەکاردەهێنن و بە مەش فشارێکی زۆر کەوتووە سەر دەروازەکە.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئیدارەی دەروازەکە بە 964 وت، لە رۆژانی ئاساییدا دوو تا سێ هەزار سەردانیکەرمان هەبوو، بەڵام دوێنێ زیاتر لە 11 هەزار و 500 کەس لە رێگەی دەروازەکە هاتنە ناو هەرێمەوە، لەم 48 کاتژمێرەی رابردووشدا زیاتر لە 15 هەزار کەس داخلبوونە.
کارمەندێکی پاسەپۆرتیش لەم بارەیەوە بە 964 راگەیاند، دوێنێ بە ناچاری 19 کاتژمێر لەبەر قەرەبالغی زۆری ناو دەروازەکە دەوامم کردووە، لە کاتێدا روژەکانی ئاساییدا 12 کاتژمێر بووە.
بەهۆی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و هەندێك لە وڵاتانی دەوروبەریش وەستاون.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا