عەلی خامنەیی، رابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران
رۆیتەرز
ترەمپ رێگەی نەدا خامنەیی بكوژرێت
+964
ئەرسەلان عەبدوڵا
دوو بەرپرسی ئەمریكی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان وتووە، سەرۆكی ئەمریكا لە دوو رۆژی رابردوودا رێگەی نەداوە پلانی ئیسرائیل جێبەجێ بكرێت بۆ كوشتنی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئاژانسەكە ئەم ئێوارەیە هەواڵەكەی بڵاوكردەوە و لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریكییەوە، كە ناویان ئاشكرا نەكراوە، ئەوەی ئاشكرا كردووە، سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ رێگەی نەداوە ئیسرائیل پلانی كوشتنی عەلی خامنەیی، رابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ بكات.
یەكێك لەو بەرپرسانەی بۆ رۆیتەرز قسەی كردووە، كە بە گوێرەی سەرچاوەكە بەرپرسێكی باڵای ئیدارەی ئەمریكایە، دەڵێت، ترەمپ وتویەتی “ئایا ئێرانییەكان هیچ ئەمریكییەكیان كوشتووە تا ئێستا؟”
هەروەها دەڵێت بە ئیسرائیلییەكانی وتووە “نەخێر بۆ كوشتنی خامنەیی، تەنانەت قسە لە بارەی بەئامانجگرتنی سەركردایەتی سیاسی ناكەین”.
ئەو هەواڵەی رۆیتەرز هاوكاتە لەگەڵ هەواڵێكی دیكە، كە رۆژنامەی ئیسرائیل هیوم بڵاویكردووەتەوە و دەڵێت، ڤلادیمیر پۆتنی سەرۆكی روسیا لەسەر داوای ئێران تەلەفۆنی بۆ ترەمپ كردووە، دواتریش تەلەفۆنی بۆ خامنەیی كردووە و پێی راگەیاندووە پەلە بكات بۆ هەوڵی دانوستان و گفتوگۆ، چونكە دەسەڵاتەكەی لە مەترسیدایە.