لە ناحیەی هەڵشۆی قەزای پشدەر
سپرایەک دوو ئۆتۆمبێلی سووتاند
964+
ژێوار خدر
لە ناحیەی هەڵشۆی قەزای پشدەر دوو ئۆتۆمبێل بەهۆی تەقینی سپرایەکەوە لەناو یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان سووتان و چەند ماڵێکیش لە سووتان بەهۆی ئۆتۆمبێلەکان رزگار کران، جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.
رووداوەکە سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 15.6.2025 روویداوە، عەلی قادر، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە 964ـی وت، بەهۆی تەقینی سپرایەکەوە کە لە نێوان یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکاندا بووە، دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی ئۆپڵ و پیکاپ دیەر ئاگریان گرتووە و سووتاون.
وتیشی، ئۆتۆمبێلەکان لە ناو ماڵێکدا بوون، بەڵام تیمەکانی بەرگریی شارستانی زوو فریا کەوتوون و پێش ئەوەی ئاگرەکە بگاتە ماڵەکە، کۆنتڕۆڵیان کردووە و خاوەنی ماڵەكە و چەند ماڵێکی دیکەی تەنیشتی رایان کردووەتە دەرەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
لە رێگەی 964ەوە وتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین، داوا لە هاوڵاتیان دەکات، کەلوپەلەکانی وەک چەرخ، سپرا، چاویلەکی خۆر و دەبەی ئاو و هەموو ئەو شتانەی توانای زوو گڕگرتنیان هەیە لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان جێنەهێڵن، چونکە پلەکانی گەرما بەرزن و دەبنە هۆی کەوتنەوەی ئاگر دروستبوونی مەترسی بۆ گیانی هاوڵاتیان.