تیمە ئێرانییەكە بە ئامێری گەورە زەوییەكانی سنووری پێنجوێن هەڵدەكۆڵن. فۆتۆ: 964
"بەدوای رووفاتی كوژراوانی شەڕدا دەگەڕێن"
تیمێکی ئێرانی كێشەیان بۆ هاوڵاتیان و ژینگەی پێنجوێن دروست كردووە
+964
کامیار کەمال- پێنجوێن
تیمێکی ئێرانی لە چیاکانی پێنجوێن بۆ رووفاتی کوژراوانی شەڕی عێراق- ئێران دەگەڕێن و چەند ساڵێکە خەریکن، بەڵام ئەم کارە بووەتە هۆی نیگەرانی لای رێکخراوە ژینگەپارێزەکەی پێنجوێن.
رێبوار کەمال سەرۆکی رێکخراوی ملەکەوە بە 964ی راگەیاند، بەپێی قسەی بەرپرسانی ناوچەکە بۆ رێکخراوەکەیان، ئەو تیمە ئێرانییە سەرقاڵی گەڕانن بەدوای رووفاتی کوژراوانی شەڕی عێراق و ئێران، بەڵام زیانێکی زۆریان بە خاک و دارستانی ناوچەکە گەیاندووە.
باسی لەوەش کرد، هەندێک جێگا هەیە زیاد لە دوو مەتر خاک ژێراوژوور دەکەن و بەوەش کێڵگە مینەکان تێکدەدەن و زیان لە داهاتووی پاکسازی ئەو ناوچەیە دەدەن لە مین، هەروەها سەر لە هاوڵاتیانیش دەشێوێنن لە جیاکردنەوەی ناوچە مینڕێژەکان.
رێبوار کەمال ئەوەشی خستەڕوو، چەندین جار داوایان لە بەرپرسانی ناوچەکە و دەزگای مینیش کردووە، کارەکانی ئەو تیمە پێداچوونەوەی پێدا بکرێت، بەڵام بەدەمیانەوە نەهاتوون.
هاوکات ئەمڕۆ چوارشەممە 11.6.2025 تیمەكە لە پێنجوێن دوو مینیان تەقاندەوە و دووجار دەنگی بەهێز لە ناوچەی کارکردنی ئەواندا هاتووە. هێمن ئیبراهیم قایمقامی پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، کاروباری تیمەکە لای ئاسایشە و ئەوان سەرپەرشتیان دەکەن، بەڵام مۆڵەتیان هەیە بۆ ئەو کارە.
لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی کارکردنی تیمەکە تا ئێستا هیچ ئامارێک نەدراوە بە دەستەوە لەسەر ئەوەی چەند رووفات دۆزراوەتەوە، لەم بارەشەوە دووجار 964 پەیوەندی بە وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا