مامۆستایە و کرێکاریش دەکات
یەکێک لە بریندارەکانی پێنجوێن باسی تەقینەوەکەی ئەمڕۆ بۆ 964 دەکات
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
ئەمڕۆ لە یەکێک لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی پێنجوێن، پاشماوەیەکی جەنگیی تەقییەوە و شەش کەس بریندار بوون.
ئەدهەم محەمەد پیشەی مامۆستایە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی کرێکاری دەکات و یەکێک بوو لەو کەسانەی ئەمڕۆ بریندار بوو.
مامۆستا ئەدەهەم ئێستا لە نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخەی سلێمانی لەژێر چاودێری پزیشکیدایە، ئەو قسەی بۆ 964 کرد و وتی، وەکوو رۆژانی پێشوو چوونەتە سەرکار و پێش ئەوەی بچن نانی چێشتەنگاو بخۆن، خەریکی هەڵدانەوەی خۆڵ بوون، لەوکاتەدا یەکێک لە کرێکارەکان پارچە ئاسنێکی دۆزیوەتەوە کە بەقەدەر هێلکەیەکی قاز بووە و هیچ لە مین و تەقەمەنی نەچووە.
“لەو کاتەدا کوڕێکی خاڵۆزام پارچە ئاسنەکەی فڕێدا بۆ ئەوەی دووری بخاتەوە، زرمبەیەک هات و شەش کەسمان برینداربووین”، مامۆستا ئەدهەم وای وت.
باسی لەوەشکرد، هەموو کرێکارەکان 12 کەس بوون، بەڵام لەو کاتەدا هەشت کەسیان لەوێ بوون کە شەشیان برینداربوون، دوو کەسیان لە پێنجوێن ماونەتەوە و ئەوانی دیکە رەوانەی سلێمانی کراون، بەگشتیش باری تەندروستیان جێگیرە.
بەگوێرەی داتا و ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی دەزگای مین، قەزای پێنجوێن پیسترین ناوچەی کوردستان و عێراقە لەڕووی مینەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری