گردبوونەوەی پزیشكانی دانەمەزراو و دامەزراو
“كەرتی تەندروستی پەكی كەوتووە و هاوڵاتیان زەرەرمەندن”
دیلان محەمەد
پزیشكانی دانەمەزرا و دانەمەزراو، لەگەڵ پزیشكانی پسپۆڕ بەیەكەوە لە سلێمانی بۆ جارێكی دیكە گردبوونەوە، ئەوانەی دانەمەزراون داوای دامەزراندن دەكەن، ئەوانەشی دامەزراون، داوای بەرزكردنەوەی پلە دەكەن.
گردبوونەوەی پزیشكەكان ئەمڕۆ چوارشەممە 11.6.2025 لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانییە و ئەوان داوادەكەن، سزاكانی هاوكارییەكانیان بوەستێت و داواش دەكەن حكومەت بێتە سەر خەت و دامەزراوەكان دابمەزرێنێت، هەروەها پلەبەرزكردنەوەی دامەزراوەكانیش دەستپێبكات.
یەكێك لەو پزیشكانەی لە گردبوونەوەكەیە، بە 964ی وت، “ئێستا كەرتی تەندروستی پەكی كەوتووە و هاوڵاتیان زەرەرمەندن، چونكە نەخۆشخانە و فریاكەوتنەكان پزیشكی لێ نییە”.
پزیشكێكی پسپۆڕیش لە گردبوونەوەكە بەشدارە و بە 964ی وت، كاری ئەوان بەبێ پزیشكی موقیم و موقیمە پێشكەوتووەكان بەڕێوەناچێ و كاری نەخۆشخانە بە تیم دەكرێت، بۆیە پشتگیریی داوای پزیشكانی دامەزراو و دانەمەزراویش دەكەن.
ئەمە چەند جارێكە پزیشكەكانی كوردستان، ئەوانەی دانەمەزراون گرد دەبنەوە، لە سلێمانی و هەڵەبجە بایكۆتی دەوامیشیان كردووە، بەڵام لە هەولێر بایكۆتەكە شكاوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا