له‌ چوار سایلۆ راده‌ست ده‌كرێت

له‌ دهۆك و زاخۆ زیاتر له‌ 5500 جوتیار گه‌نم راده‌ستى سایلۆكان ده‌كه‌ن

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك و ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى زاخۆ زیاتر له‌ پێنج هه‌زار و 500 جوتیار ده‌توانن گه‌نمه‌كانیان راده‌ستى ئه‌و چوار سایلۆیه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ هه‌ردوو شوێنه‌كه‌ بۆیان ده‌ستنیشانكراوه‌.

سایلۆكانى فایده‌، زاخۆ، شێخان و رۆڤیا له‌ ئه‌مڕۆ 10.6.2025 ده‌رگاكیانیان كراوه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنى گه‌نمى جوتیاران.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى كشتوكاڵى دهۆك بڵاویكرده‌وه‌ له‌و 400 هه‌زار تۆنه‌ى كه‌ حكومه‌تى عێراقى بۆ وه‌رگرتنى گه‌نمى جوتیارانى هه‌رێم دیاریكردووه،‌ پشكی دهۆك و زاخۆ، 117 هه‌زار و 911 تۆن گه‌نمه‌ له‌ جوتیارانى وه‌رده‌گیرێت.

نرخى هه‌ر تۆنێك گه‌نمى به‌راو به‌ 850 هه‌زار دینار و دێمیش به‌ 800 هه‌زار دینار له‌ جوتیاران وه‌رده‌گیرێت.

كشتوكاڵى دهۆك ئاشكراى كردووه‌، كه‌ به‌پێی ئه‌و رێژه‌ گه‌نمه‌ى بۆ سنووره‌كه‌یان دیاریكراوه‌ وه‌ربگیرێت، پێنج هه‌زار و 537 جوتیار سوودمه‌ندى راده‌ستكردنى گه‌نم ده‌بن.