لیژنەیەک رێنمایی نوێ دەردەکات

ماف بۆ خاوەن قەرەبووەکانی سلێمانی دەگەڕێندرێتەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

شارەوانی سلێمانی بەهاوکاریی دادگا لەهەوڵی دانانی رێوشوێنێکی نوێیە بۆ قەرەبووکردنەوە بەشێوەیەکی یەکسان، سەرچاوەیەکیش دەڵێت: پێشتر ئەو یەکسانییە رەچاو نەکراوە.

تۆڕی964 دەزانێت، کۆبوونەوەیەک لەنێوان جاسم جەزا، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوە و لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامدراوە.

لەکۆبوونەوەکەدا هەم پرسی یەکسانی لەقەرەبووکردنەوە و پێداچوونەوە بەشێوازی کوژاندنەوەی زەوی بۆ پڕۆژەکان گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.

سەرچاوەیەک لەشارەوانی سلێمانی کەنەیویست ناوی بهێندرێت بە تۆڕی964ی راگەیاند: گلەیی و ناڕەزایەتییەکی زۆر هەبوو لەسەر قەرەبووکردنەوە، چونکە هەیە 10 ساڵە فەرمانی قەرەبووکردنەوەی بۆ دراوە کەچی وەری نەگرتووە، بەڵام حالەت هەبووە دوو مانگە فەرمانی بۆ دراوە و قەرەبووەکەی وەرگرتووە.

هەیە 10 ساڵە فەرمانی قەرەبووکردنەوەی بۆ دراوە وەری نەگرتووە، کەچی هەیە دوو مانگە فەرمانی بۆ دراوە وەرگرتووە

دەشڵێت: لەسەر کوژاندنەوەی زەوی بۆ پڕۆژەکانیش کێشە هەبوو، چونکە لەبەرژەوەندی خاوەن پڕۆژەکان زەوییەکان دەکوژێندرانەوە و پێیان دەدرا.

تۆڕی964 دەزانێت، لیژنەیەکی لەنێوان شارەوانی و دادگا پێکهاتووە و بڕیار وایە لیژنەکە پێداچوونەوە بەو پرسانەدا بکات و رێنمای نوێیان لەبارەوە دەربکات.