گیا لەسەر پنجى خۆى دەڕوێنەوە

هومایۆن، دەنگێک لە باوانەوە بۆ کوڕ

964+

ژوورى هەواڵ

دیارییەکی نوێ لە ئێرانەوە، سەدای دەنگێکی بولبوول ئاسا لەبری زرمە و گرمەی درۆن، دەنگێک کە لە باوانەوە بۆ کوڕ جێماوە.

قەرەباڵغی و پەرۆشییەکی زۆر، هەمووی پەلەی بوو زوو بگاتە ژوورەوە. ئەمە بەشێک بوو لە دیمەنی ئامادەبوونی سەدان کەس لە کۆنسێرتی هونەرمەندی بەناوبانگی فارس هومایۆن شەجەریان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵای هەولێر، ئێوارەی یەکەم رۆژی جەژن.

خەڵکێکی زۆری خۆمان و رۆژهەڵات لەگەڵ کەسانێکی زۆری ئێرانی هاتبوون، ئێرانییەکان جگە لەوانەی هەولێر ئەوانەبوون کە لە تورکیاو وڵاتانی کەنداوو شارەکانی عێراقەوە رێی دووریان بڕیبوو.

ئەم جۆرە بۆنانە ئاسان دووبارە نابنەوە، هومایۆنی کوڕی ئوستاد هاتووەتە هەولێرو میوزیکاری بەناوبانگ ئەنەوشیروان روحانی لەگەڵە، روحانی لەگەڵ شەجەریانی باوک و هایدا موزیکی ژەنیوە.

ئەوانەی لەوێ ئامادەبوون لەو ئێرانەوە نەهاتبوون کە هومایۆنی لێ هاتووە، لەگەڵ موزیکەکانی روحانیش هەموو بەدەنگی بەرز ئەو گۆرانیانەیان دەوتەوە کە بووەتەوە بەشێک لە یادەوەرییان و بەشێکی باشیان لە ئێرانی ئەمڕۆدا قەدەغەن.

چوونە ژوورەوە بۆ کۆنسێرتەکە بە ڕێوشوێنی ئەمنی تونددا تێدەپەڕی کە هەندێ کات چوار قۆناغ پشکنینی لە خۆ دەگرت، پیاوان کەلوپەلە زیادەکانیان لێ وەردەگیرا جگە لە مۆبایل، خانماکانیش ئەگەر بۆنیان پێ بوایە بۆنەکە لە خۆیان دەدرا تا دڵنیا دەبوونەوە لە سەلامەتی شلەی ناو بۆنەکە.

تیکتی ئەم کۆنسێرتە بۆ هەندێ کورسی دەگەیشتە 250 دۆلار، لەگەڵ ئەوەش تاقە شوێنێک نەمابوو.

هومایۆن بە دەستی پڕەوە هاتبووە هەولێری پایتەخت و گۆرانی کوردی لەبیر نەکرد، لە کۆتایی هەریەک لە بڕگەکانی کۆنسێرتەکە بە گۆرانییەکانی (مینا گیان) و (شیرینە سەوزە) ئاوی دڵی ئەو خەڵکانەی خۆمایدا کە ئامادەی کۆنسێرتەکە بوون.

یەکێک لە ئامادەبوونی کۆنسێرتەکە کە زۆر دڵخۆش بوو بەم هاتنەی هومایۆن بە 964ی وت: خۆزگە بەردەوام ئەمە دیارییەکانی ئێران دەبوو، هومایۆن و ئەنەوشیروان، نەک درۆن و موشەکی بالیستی.

هومایۆن، میراتى دەنگێکى تایبەتە، کە لە شەجەریانى باوکییەوە بۆى جێماوە و هەوادارانى بۆنى باوکیان بە ژێیەکانى کوڕەوە هەڵواسیوە.

پیاوە گەروو ئاڵتوونییەکەی فارس کۆچی دوایی کرد

پیاوە گەروو ئاڵتوونییەکەی فارس کۆچی دوایی کرد