شەقامەکە ئاو و ئاوەڕۆی تەواو کراوە

دانیشتوانی گەڕەکی کەندەسوور نایانەوێت رێڕەوی شەقامەکەیان بگۆڕدرێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

گۆڕینی رێڕەوی شەقامێک کە پێشتر بڕیاری لێدراوە دانیشتووانی گەڕەکی کەندەسوورەی شاری سلێمانی نیگەران کردووە. ئەنجومەنی پارێزگاش بەدەم کێشەکەیانەوەن.

گەڕەکی کەندەسوور، کەدەکەوێتە بەشی باشووری شاری سلێمان و خوار گەڕەکی چوارچراوە، شەقامێکی گشتییان بۆ دەرچووە و کاری ئاو و ئاوەڕۆشی بۆ کراوە، بەڵام ئێستا بەهۆی دروستکردنی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونەوە هەوڵی گۆڕینی رێڕەوی شەقامەکە دەدرێت.

بەرزان حامید، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی964ی وت، پێشتر ئەو سەقامە هیچ کێشەیەکی نەبووە، بەڵام وابڕیارە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون دروستبکرێت و کۆمپانیاکەش دەیەوێت رێڕەوی شەقامەکە بگۆڕێت بۆ ئەوەی لەخۆی نزیکی بکاتەوە.

دەشڵێت: ئێمە بەدوای پرسەکەدا دەڕۆین و سەردانی گەڕەکەکەمان کردووە، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ شارەوانی سلێمانی و ئەو کۆمپانیایە بڕیارە پڕۆژەی نیشتەجێبوون لەوێ دروستبکات دادەنیشین بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەر.