جووتسایدێكیش لە دوكان فراوان دەكرێت

هەڵمەتێکی بەرفراوانی پاککردنەوە لە سنووری سلێمانی بەڕێوەچوو

964+

محەمەد فاتیح

لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەڵمەتێکی بەرفراوانی پاککردنەوە ئەنجامدرا و جووتسایدى تەنیشت شارەوانى دوکانيش فراون دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بڵاویكردەوە لە هەڵمەتێکى بەرفراوانى پاککردنەوەى خۆڵ و خاشاکدا، 15 گوندى سنوورى ناحیەى گەرمک پاککرانەوە و هەڵمەتەکە گوندەکانى (دارۆخان، کانی دارۆخان، لەنگەدێ، بیستان، هەنگەژاڵ، باراوا، کانی بی، سوراو، سەرسوراو، گۆخڵان، ماسیدەر، دۆڵەبی، سەیران بەن، چاڵە بێ ئاو، وێنە، ناوبازاڕی گەرمک) لەخۆگرت و بە شێوەیەکى مەیدانى لەلایەن ژینگەپارێزانەوە پاککرانەوە.

وتيشى، “لە هەڵمەتێکى دیکەشدا ناوەندى قەزاى سەیدسادق و دەوروبەرى پاککرانەوە و هەڵمەتەکە بەشێک بوو لە ئامادەکارییەکانی سەرۆکایەتى بۆ پێشوازى لە رۆژانى جەژنى قوربان، کە خۆى لە گسکدان و پاککردنەوە و هەڵگرتنەوەى خۆڵ و خاشاک و شۆردنى شەقام و پەیکەر و مەعالیمەکانى شاردا بینییەوە”.

دەشڵێت، “لەچوارچێوەى ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازى لە رۆژانى جەژنى قوربان، ژینگەپارێزان هەڵمەتێکیان بۆ پاککردنەوەى شەقامى سەرەکى ناحیەى زەڕایەن جێبەجێ کرد و هەڵمەتەکە خۆى لە گسکدان و کۆکردنەوەى خۆڵ و خاشاکى شەقامەکەدا بینییەوە”.

لە لایەکی دیکە سەرۆکایەتیى شارەوانیى دوکان پڕۆژەى فراوانکردنى جووتسایدێکى شارۆچکەکە دەخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە، پڕۆژەکە لەسەر بودجەی تایبەتى سەرۆکایەتیى شارەوانیى دوکان جێبەجێ دەکرێت، کە بریتییە لە فراوانکردنى شەقامی تەنیشت بینای شارەوانی و پڕۆژەکە هەردوو جووتسایدی ناوبازاڕ و شەقامی هێمن بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

شارەوانیی دوکان دەڵێن، فراوانکردنى ئەو جووتسایدە ئاسانکاری تەواو بۆ هاتوچۆی شۆفێران و خوێندکارانی هەردوو قوتابخانەی ساراو سەرچەم دەکات.