لایەنێكی پەیوەندیدار راستییەكان بۆ 964 ئاشكرا دەكات
بەسرە لە لێواری كارەساتێكی ژینگەیی و تەندروستیدایە
964+
محەمەد فاتیح
هۆشداری دەدرێت لەوەی پارێزگای بەسرە لە لێواری كارەساتێكی ژینگەیی و تەندروستی نزیكبۆتەوە بە هۆی كەمى ئاویی خواردنەوە و بەرزبوونەوەی رێژەی پیسبوون لە رووبارە سەرەكییەكانی پارێزگاكە.
عەلی عەبادی سەرۆكی ناوەندی عێراق بۆ مافی مرۆڤ كە زوو زوو هۆشداری لە روودانی كارەساتێك دەدات لە بەسرە بە هۆی كەمئاوییەوە بە 964ـی وت، “بە مەبەستی چارەسەركردنی قەیرانی ئاوی بەسرە و پێسبوون و سوێربوونی ئاوەكەی سەردانی بەغدای كردووە و چاوی كەوتووە بە عۆن زیاب وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق”.
دەشڵێت، “داوای لە وەزیر كردووە بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی پارێزگاكە سەردانی بەسرە بكات و لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخەكە ببن و روونكردنەوە بۆ رای گشتی بدەن لەسەر ئەوەی لەوێ دەگوزەرێت”.
پێشتر روانگەی عێراقی سەوز هۆشداری دا و ئاشكرای كرد ئاستی خوێ لە شەتولعەرەبی بەسرە بەرزبوونەوەیەكی بێ وێنەی بەخۆیەوە بینیوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هاوینی ئەمساڵ رێژەی پیسبوون لەو دەریاییەدا بەرزدەبێتەوە، لە كاتێكدا زەهرە بەجاری، پەرلەمانتار لەسەر پارێزگای بەسرە هۆشداری دا لە كارەساتێكی ژینگەیی و تەندروستی لە بەسرە، بە هۆی كەمیی ئاوی خواردنەوە و بەرزبوونەوەی رێژەی پیسبوون لە دەریاكاندا.