هەزار و 800 پارچە زەوی

“گرووپێک هەوڵی زەوتکردنی زەوی هاوڵاتیانی خورماتوو دەدەن”

+964

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

ژمارەیەک هاوڵاتیی گەڕەکی کۆماری لە خورماتوو دژی داگیرکردنی زەوییەکانیان لەلایەن گرووپێکی نەناسراوەوە، ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داوادەکەن لایەنی پەیوەندیدار بەهانایەنەوە بچن و کێشەکەیان چارەسەر بکەن.

هیوا رەعد، یەکێک لەو هاوڵاتییانەی، وەك خۆی دەڵێت زەوییەکەی داگیرکراوە، بۆ 964 قسەی کرد و وتی، “ئێمە لە ساڵی 2013ـەوە کاتێک زەوی دابەشکرایە سەر کەسوکاری شەهید و بریندار و زیندانیانی سیاسی قەزاکە، پاش ماوەیەک بە پارە ئەو زەوییانەمان لەو کەسانە کڕی و شارەوانیی قەزاکە بە نووسراوی فەرمی تاپۆی بۆ کردووین و هی خۆمانن”.

وتیشی، ماوەی چەند مانگێکە چەند کەسانێک، کە هەندێک جار خۆیان وەک هێزی ئەمنی دەناسێنن، بە نیازی داگیرکردنی زەویەکانمانن و پێمان دەڵێن ئەو زەوییانە لە ساڵی 2003ـەوە هی ئەوانە و لە شارەوانیی پارێزگای سەڵاحەدین بە ناوی ئەوانەوەیە.

دەشڵێت، ئەو کەسانەی بە نیازی زەوتکردنی زەویەکانیانن، هیچ بەڵگەنامەیەکیان پێ نییە و تەنیا بە قسە دەڵێن هی ئەوانە.

هیوا رەعد ئاشكرای دەكات، ئێستاش ئەو كەسانە ژمارەیەک زەوی هاوڵاتیانیان داگیرکردووە و بلۆکیان لەسەر رشتووە، “ئێمەش داوای چارەسەری بەپەلە دەکەین و ئەگەر بێت و چارەسەر نەکرێت، رێگەی دیكە دەگرینەبەر، چونکە هەر یەکێک لەو خاوەن زەوییانە بە بڕی 15 بۆ 30 ملیۆن دینار ئەو زەوییانەیان کڕیووە، کە هەزار و 800 پارچە زەوین و هەر پارچەیەکیان 250 مەترن”.

964پەیوەندی بە زولفەقار حەیدەر، قایمقامی خورماتوو کرد، ئەو لە بارەی كێشەكەوە وتی، ئەوان هەر ئەمڕۆ دەگەنە ئەو شوێنە و ئیجرائاتی توند  بەرامبەر ئەو کەسانە دەکەن، کە بەنیازی داگیرکردنی ئەو زەوییانەن و هەر کەسێک لەوانە بدۆزنەوە دەستبەجێ دەستگیری دەکەن و رووبەڕووی یاسای دەکەنەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

دوای هەواڵێکی 964 پرۆژەئاوی خورماتوو پاک دەکرێتەوە

دوای هەواڵێکی 964 پرۆژەئاوی خورماتوو پاک دەکرێتەوە