تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرێکن، فۆتۆ: بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە
لە مانگێکدا 61 ئاگرکەوتنەوە هەبووە
رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە هەڵەبجە نزیکەی سێ هێندە زیادیانکردووە
964+
ژووری هەواڵ
لە مانگی رابردوودا رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگای هەڵەبجە بەراورد بە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ، نزیکەی سێ هێندە زیادیانکردووە، ئەمە بەگوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانیی پارێزگاکە.
لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 23 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمار کراون، بەڵام تەنیا مانگی رابردوو 61 رووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4.6.2025، عابدین عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “هۆکارەکانی زۆربوونی ژمارەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە مرۆڤکردە و کەمتەرخەمیی هاوڵاتیانە”.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 30.5.2025، هەشت حاڵەتی گڕگرتنی ئۆتۆمبێل و دوو حاڵەتی گڕگرتنی دەراسە تۆمارکراون.