لە هەولێر

بە تابوتێکى رەشەوە؛ پزیشکان بەیەکەوە گردبوونەوە و داواى دامەزران و پلەبەرزکردنەوە دەکەن

964+

دەشتی عارف ـ هەولێر

بە تابوتێکى رەشپۆشەوە کە هێماى دانەمەزراندنیانە، پزیشکان و خوێندکارانى پزیشکى گردبوونەوە و داواى دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 3.6.2025، لە شاری هەولێر سێ گرووپ پزیشک گردبوونەوە؛ پزیشکانی دانەمەزراو داوای دامەزراندن دەکەن و پزیشکانی نیشتەجێی خولاویش داوای پلەبەرزکردنەوە، لەگەڵ ئەوانەشدا خوێندکارانى کۆلێژى پزیشکى بەشداربوون و پاڵپشتیان لە داواى هاوپیشەکانیان دەکرد و دەیانەوێت تا بڕوانامە وەردەگرن، کێشەى دامەزراندن نەمێنێت.

گردبوونەوەکە جیاواز بوو، خۆپیشاندەران بە تابوتێکى رەشەوە دەستیان پێکرد، ئەمەش وەک گوزارشتێک بۆ مەرگى دانەمەزراند و پلەبەرزکردنەوەیان.

مەتین موخلیس، یەکێک لە پزیشکە دانەمەزراوەکان، بۆ 964 قسەى کرد و وتى،”نامانەوێت چیتر بە خۆبەخشی خزمەت بکەین. چونکە دانەمەزراندنمان بۆشاییەکى گەورەى لە سیستمى تەندروستى دروستکردووە”.

لاى خۆیەوە مستەفا مەتین، پزیشکێکی دامەزراو کە شانبەشانی هاوپیشە دانەمەزراوەکانی وەستابوو، بە 964ـى وت،”ئەگەر پزیشکانی گشتی دانەمەزرێن، ئێمەی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پسپۆڕیش پلەکانمان بەرز نابێتەوە. ئەمەش وادەکات کەرتی تەندروستی بەرەو دواوە بگەڕێتەوە و جێگرەوەیەک بۆ ئەو پزیشکانەی دەڕۆنە دەرەوە یان خانەنشین دەبن، نەمێنێت”.

هۆشداریشى دا، ئەگەر وەڵامى داواکارییەکانیان نەدرێتەوە رێکارێکى دیکە دەگرنەبەر کە رەنگە بایکۆت یەکێک لە بژاردەکانیان بێت.

داواکارى هەرسێ لایان پەیوەندى بەیەکەوەیە، بەبێ دامەزراندنى دانەمەزراوان پزیشکانى نیشتەجێى خولاو پلەکانیان بەرز ناکرێتەوە، هەربۆیە داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بەدەم داواکارییەکانیانەوە بێن و چارەسەرێکی گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.

ژمارەى پزیشکانى دانەمەزراو لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستان 788 پزیشکى دانەمەزراوە و ژمارەیەکى دیکەش لە رێگەن و بەم نزیکانە بڕوانامە وەردەگرن.

پزیشکانى دانەمەزراو گردبوونەوە

پزیشکانى دانەمەزراو گردبوونەوە