بە توندی گه‌مارۆی داون
سوپای عێراق رێگری لە ئاژەڵدارانی كه‌مپی مەخمور دەکات ئالیک كۆبكه‌نه‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ماوه‌یه‌كه سوپای عێراق چوارده‌ورى كه‌مپی په‌ناپه‌رانى مه‌خمورى گرتووه و گه‌مارۆى داون، ناهێڵێت هیچ جوڵەیه‌ک بۆ ده‌ره‌وه‌ى كه‌مپه‌كه‌یان بكه‌ن، ئه‌مڕۆش رێگرى لێكردوون له پاشماوه‌ى دروێنه‌ى گه‌نم ئالیک بۆ ئاژه‌ڵه‌كانیان كۆبكه‌نه‌وه.
گرته‌ڤیدیۆیه‌ک له‌ناو كه‌مپه‌کە تۆمارکراوە و بڵاوكراوه‌ته‌وه، ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی سه‌ربازى سوپای عێراق به‌ناو جاڕه گه‌نمه‌كاندا هاتوچۆ ده‌كه‌ن و چاودێرییان خستووه‌ته سه‌ر خه‌ڵكی كه‌مپه‌كه و هاوڵاتییه‌كی ناو كه‌مپه‌كه‌ش ده‌ڵێت، سوپا رێگه نادات ئالیک بۆ مه‌ڕ و بزنه‌كانیان كۆبكه‌نه‌وه.
مه‌ڕوان حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شی كشتو‌كاڵى مه‌خمور به 964ـى وت، ماوه‌یه‌كه سوپاى عێراق گه‌مارۆى ئه‌م كه‌مپه‌ى داوه و رێگه‌نادات هیچ كه‌سێكیان له كه‌مپه‌كه بێته ده‌ره‌وه، ته‌نانه‌ت سیاجیشی به‌ده‌ورى كه‌مپه‌كه‌دا دروست كردووه.
وتیشی “، بۆ هیچ شتێك رێگه‌یان نادات له كه‌مپ بێنه ده‌ره‌وه چ جاى كۆكردنه‌وه‌ى گه‌نم بۆ ئاژه‌ڵه‌كانیان”.
پۆلیسی ئیتحیادیى عێراق له چوارده‌ورى دیوارى كه‌مپه‌كه جێگیر كراون و به وردى چاودێریی جموجۆڵى په‌نابه‌ره‌كان ده‌كرێت.
به‌ڕێوه‌به‌رى كشتوكاڵ ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر چه‌ند كه‌سێكیان به‌نیازى كۆكردنه‌وه‌ى پاشماوه‌ى جاڕه‌گه‌نمه‌كان لادیوارێكی ئه‌م كه‌مپه‌یان رووخاند، به‌ڵام له‌لایه‌ن سوپاوه رێگریان لێكرا ئه‌م كاره بكه‌ن.
له‌وه‌ته‌ى رۆژى 10.4.2025 سوپای عێراق گەمارۆیەکی توندى لەسەر کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی له مەخمور داناوه، به‌پێی زانیارییه‌كانى چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌و كه‌مپه، چه‌ند كه‌سێكی ناو كه‌مپه‌كه ماوه‌یه‌كه ده‌ستگیركراون و به هیچ شێوه‌یه‌كیش رێگا بە نەخۆشەکان نادرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە کەمپەکە دەربچن، رێگاش نادات کرێکاران بچنە کار و کەرەستەی ئاوەدانکردنەوە و بیناسازیی بچێتە ناو کەمپەکەوە.
شوێن بۆ ئه‌و خێزانانه دابینكراوه كه ده‌یانه‌وێت بۆ سه‌رژمێرى بگه‌ڕێنه‌وه سنوورى مه‌خمور