دوو کرێکاری ژینگەپارێزی هەولێر لەکاتی کۆکردنەوەی زبڵی ماڵان - وێنە؛ بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر
ژینگەپارێزی هەولێر پلانی رۆژانی جەژنی ئاشکرا کرد
ئێوە جەژنی خۆتان بکەن و ژینگەپارێزانی ماندوونەناسیش پاک و خاوێنی شار رادەگرن
964+
شۆڕش قادری
لە رۆژانی جەژنی قوربان خەمی پاک و خاوێنی شارتان نەبێ، ئێوە جەژنی خۆتان بکەن و ژینگەپارێزانی ماندوونەناسیش وەک هەمیشە لەئەرکدا دەبن بۆ خاوێنکردنەوە شار و کۆکردنەوەی زبڵی بەردەم ماڵەکانتان.
خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر رۆژێک پێش جەژنی قوربان، زبڵی بەردەم ماڵاکانی شار کۆدەکاتەوە، گۆڕستانەکانیش خاوێن دەکاتەوە و کیسەی نایلۆن دەدات بە سەردانیکەران.
ژیار جەلال بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی هەولێر بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ دووشەممە 2.6.2025 کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ هۆبەی خزمەتگوزاری و بەرنامەی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەنجامداوە و پلانیان بۆ رۆژانی جەژن ئاشکرا کردووە کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە؛
1.ڕۆژی پێش جەژن هەڵمەتی فراوانی خاوێنکردنەوەی گۆڕستانەکان، دانانی حاویە و دابەشکردنی کیسەی نایلۆن بەسەر سەردانیکەرانی گۆڕستانەکان، ئەنجام دەدرێن.
2.هەڵمەتی دانانی حاویەی نوێ لە تەواوی سنورەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر.
3.خاوێنکردنەوەی تەواوی شەقامە سەرەکیەکان و شوشتنی ئەو شەقامانەی کە هەستیار و پێویستن، بەپێی ڕێنمایی لێژنەکانمان.
4.ئەو بازاڕانەی تا درەنگانی شەو کراوەن شەوی جەژن لەگەڵ داخستنیان خاوێن دەکرێنەو و ئامێری کەپس و کرێکاری خاوێنکردنەوەی شەقامیان بۆ دەچێت.
5.زبڵی ماڵان ڕۆژێک پێش جەژن بە تەواوی هەڵدەگیرێت و ساف دەکرێت و هیچی نەمێنێت، ڕۆژی دووەمی جەژنیش کەپسەکان کاری ئاسایی خۆیان دەکەن.
6.بۆ ڕۆژانی پێش جەژن، تەواوی ژمارەی تانکەر و فاونی کۆمپانیاکان لە ئەرکن.
7. تیمیی ئێشکگری لە ڕۆژی یەکەمی جەژن دانراوە، بۆ هەر کارێکی لەناکاو و بەپەلە، تیمەکە ئامێرەکانی کەپس و شۆفەڵ و قەلاب و ژمارەی پێویستی کرێکاری تێدایە.
8.دانانی حاویەی پێویست لە تەواوی سنوری سەرۆکایەتیمان، بۆ فڕێدانی پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی.
ژیار جەلال وتیشی، لەبەر ئەوەی جەژنی قوربان تایبەتە و دەبێت زبڵ و پاشەڕۆی ئاژەڵە سەربڕاوەکان کۆبکەنەوە، کارمەندەکانیان پشوویان نابێت و هەموویان لە رۆژانی جەژندا لە ئەرکدا دەبن.
داوایشی لە هاوڵاتیان کرد، هاوکاریان بن لە راگرتنی پاک و خاوێنی شار، دەشڵێت، لەکاتی بوونی هەر کێشەیەک و کەمتەرخەمی لە خاوێنکردنەوەی شار، هاوڵاتیان دەتوانن سکاڵاکانیان بگەیەنن و راستەوخۆ کێشەکانیان بۆ چارەسەر دەکرێت.