سەڵاحەدین سیامەند؛ سەرۆكی نوێی تۆپی پێی كوردستان

“دڵنیاتان دەكەمەوە پلانی چوار ساڵمان ئامادەیە” 

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەڵاحەدین سیامەند ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی كوردستان و عێراق، بووە سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان، راشیگەیاند، لە ئێستاوە پلانی چوار ساڵی كاركردنیان داڕشتووە.

سەڵاحەدین سیامەند ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا لە هەولێر، لەگەڵ تاریق عەبدولڕەحمان دەستاودەستی پۆستیان كرد، هەروەها چەند ئەندامێكی دیكەش بووە ئەندامی نوێی یەكێتییەكە، دیارترینیان محەمەد خۆشناوی ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێیە.

سەڵاحەدین سیامەند بە 964ی راگەیاند،  ستافی پێشوو كاری باشیان كردووە و پێویستە دەستخۆشییان لێ بكرێت، وتیشی، “”دڵنیاتان دەكەمەوە پلانی چوار ساڵمان ئامادەیە، پلانی كورتمەودا، مامناوەند و درێژخایەن.

سەڵاحەدین سیامەند كە بەشداریی مۆندیالی لاوانی كرد لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق لە 2001، ئەوەشی وت، “دەبێت كار بۆ بنیادنانی ژێرخانی وەرزشی بكەین، چونكە یاریگەكانی كوردستان شایستەی وەرزشوانان نین”.

لە بارەی كێشە داراییەكانی یەكێتیی تۆپی پێ، كە چەند ساڵێكە گرفتیان هەیە، سەڵاحەدین دووپاتی كردەوە، ئەوانیش وەك ستافی نوێی یەكێتییەكە، پێویستیان بە پاڵپشتیی ماددی و مەعنەوی دەبێت و بەبێ دارایی ناتوانن پلانەكانیان جێبەجێ بكەن.

سەڵاحەدین سیامەند ناوێكی دیاری وەرزشی كوردستانە و پێشتر یاریزان و كاپتنی یانەی هەولێر بووە، هەروەها لە هەڵبژاردەكانی یەكەم و ئۆڵمپی و لاوانی عێراق یاریی كردووە، هەروەها ماوەیەك بۆ یانەی زەوڕاش یاریی كردووە، دیارترین دەركەوتنی سیامەند لە جامی ئاسیای لاوان بوو لە تاران، كە توانیان نازناوەكە بۆ عێراق بەدەست بهێنێن لە 2000، هەروەها لە 2001 لەگەڵ لاوانی عێراق بەشداریی مۆندیالی لاوانی كرد لە ئەرجەنتین و گۆڵێكیشی لە هەڵبژاردەی كەنەدا تۆمار كرد.

وادەی دەستپێکردنی وەرزی نوێی تۆپی پێی کوردستان ئاشکرا ...

وادەی دەستپێکردنی وەرزی نوێی تۆپی پێی کوردستان ئاشکرا کرا