شیرەخۆرەن
بەچکە پشیلەکان فڕێ مەدەن دایکیان دەگەڕێتەوە
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
لەم وەرزەدا کە وەرزی زاوزێ و بەچکەکردنی پشیلەیە، دیار حەسەن، ئاژەڵدۆستێکی شاری سلێمانی، رایگەیاند کە بەهۆی دیاردەی فڕێدانی بەچکە پشیلەی شیرەخۆرەوە تووشی کێشە بووە و نازانێت چارەسەری ئەو ژمارە زۆرەیان چۆن بکات.
دیار حەسەن بە 964ـی وت،”ئێستا وەرزی بەچکەکردنی پشیلەیە، رۆژانە چەندین بەچکە پشیلەی شیرەخۆرەم بۆ دەهێنرێن و پێم دەڵێن دایکیان دیار نییە یان ون بووە. بەداخەوە، ژمارەیان ئەوەندە زۆرە و کەسیش ئامادە نییە لەخۆیان بگرێت، بەڕاستی بەدەست هەندێک هاووڵاتییەوە گیرم خواردووە و ماندوو بووم.”
ئەو ئاژەڵدۆستە داوا لە هاووڵاتیان دەکات و دەڵێت: تکایە، هەرکاتێک بەچکە پشیلەتان لە حەوشە و کۆڵانەکان بینی، یەکسەر فڕێیان مەدەن و لێیان مەترسن. دڵنیابن دایکیان دەگەڕێتەوە بۆیان، چونکە پشیلەی دایک لە ماوەی نزیکەی 40 شەودا، لانیکەم حەوت جار شوێنی بەچکەکانی دەگۆڕێت و دەیانپارێزێت تاوەکو لە مەترسی بەدووربن.
ئەو جەختی لەوەش کردەوە کە فڕێدانی ئەو بەچکە بێنازانە چارەسەر نییە و داوایکرد هاووڵاتیان زیاتر هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ گیانلەبەراندا بکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح