چی روویداوە؟

ئەگەر لێت نەقەوما سەردانی نەخۆشخانەی شارزوور مەکە

+964

بڕوا مەجید – شارەزوور

بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتی شەهید رەئوف بەگ لە شارەزوور، هیچ پزیشکێکی لێنەماوە بەهۆی بایکۆتکردنی  پزیشکانی نیشتەجێی خولاو، لە ھەموو فریاکەوتنەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەشدا، پزیشکانی نەخۆشخانەکان بایکۆتی دەوامیان کردووە

کەمال ئەحمەد، لە راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتیی شەھید رەئوف بەگ بە 964ی وت: “بایکۆتەکە سەرتاسەرییە و لە کاتژمر 12ی دوێنێ شەوەوە، پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە بەشی فریاکەوتنیان چۆڵ کردووە، نەخۆشخانەکەی ئێمەش یەکێکە لەو نەخۆشخانانەی کە ئێستا تەنیا کارمەندی تەندروستی لێیە، ئەوانیش ناتوانن چارەسەر بۆ نەخۆش بنووسن، تەنیا دەتوانن چارەسەری رووداوە بەپەلەکان بکەن”.

بە وتەی کەمال ئەحمەد، بەھۆی بەدەمەوەنەھاتنی حکومەت لە دامەزراندنی ئەو پزیشکانە، بایکۆتەکە کراوە و ئێستا لە نەخۆشخانەکەی ئەواندا ئەگەر نەخۆشێک بارودۆخیشی زۆر خراپ بێت، ئەو کارمەندانەی لەوێن، ناتوانن نەخۆشەکە بنێرنە نەخۆشخانەکانی سلێمانی، دەبێ سەنتەری فریاکەوتنی خێرا 122 ئاگادار بکەنەوە بۆ ناردنی بریندار و نەخۆشی بەپەلە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 1.6.2025، لە شاری سلێمانی دوو گرووپ پزیشک گردبوونەوە، پزیشکانی دانەمەزراو داوای دامەزراندن دەکەن و پزیشکانی نیشتەجێی خولاویش داوای پلەبەرزکردنەوە دەكەن و بایكۆتەكەش هەر لە سلێمانی نییە، هەڵەبجە و شارەزووریشی گرتووەتەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

پزیشکان لە سلێمانی؛ داوای دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە...

پزیشکان لە سلێمانی؛ داوای دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە دەکەن