دیمەنی ئاوارە ئێزیدیەکانی شنگال لە کەمپێکی دهۆک. وێنە: 964
كۆمیسیۆن ئاشكرای دەكات
ئاوارەبووەكانی شنگال لە كوێ دەنگ دەدەن؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، وردەکارییەکانی تایبەت بە چۆنیەتی دەنگدانی ئاوارەکان و دەنگدەرانی قەزای شنگالی روونکردەوە. هاوکات، کۆمیسیۆن جەختی کردەوە کە زیاتر لە 33 هەزار ئاوارە زانیارییەکانی خۆیان لە بایۆمەتری نوێکردووەتەوە.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنەكە ئەمڕۆ یەكشەممە 1.6.2025 بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی راگەیاند، “شێوازی دەنگدانی ئاوارەکان بەپێی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنەکان ژمارە 12ی ساڵی 2018 جێبەجێ دەکرێت”. ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتەکانی کۆچ و بازرگانی ئاماری ئاوارەکان دەدەنە کۆمیسیۆن.
سەبارەت بە میکانیزمی دەنگدانەکە، غەلای دەڵێت، “ئاوارەیەک کە لەناو کەمپدا نیشتەجێیە، مافی ئەوەی هەیە دەنگ بدات بۆ ئەو بازنەیەی لێی ئاوارە بووە، ئەمەش لە رێگەی کارتی بایۆمەتری درێژخایەنەوە دەبێت.”
دەربارەی ئاوارەکانی شنگالیش روونی دەكاتەوە، “ئاوارەکانی شنگال، جا چ لەناو کەمپەکان بن یان لە دەرەوەیان، لەو شوێنەی ئێستا تێیدا نیشتەجێن دەنگ دەدەن بۆ ئەو بازنەیەی لێی ئاوارە بوون، ئەویش بە بەکارهێنانی کارتی بایۆمەتری درێژخایەن.”
ئەوەشی باس كرد، کۆمیسیۆن بەردەوامە لە پرۆسەی تۆمارکردن و سەرژمێریکردنی ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکان، بە مەبەستی نوێکردنەوەی زانیارییەکانیان، كە 16 کەمپ لە پارێزگای دهۆک و پێنج کەمپیش لە پارێزگای هەولێر هەن.
جومانە غەلای دووپاتیکردەوە، “ژمارەی ئەو ئاوارانەی تا ئێستا زانیارییەکانیان نوێکردووەتەوە گەیشتووەتە زیاتر لە 33 هەزار ئاوارە.”
بڕیارە لە 11.11.2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، هەرچەندە لێرەولەوێ باس لە دواخستنی دەكرێت.