کەیسەکەی بردووەتە دادگا

“کچێک لە کرماشانەوە گەڕاوەتەوە و دەڵێت منداڵی ونبووی ھەڵەبجەم”

964+

ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە

ئەمڕۆ 1.6.2025 کچێک لە کرماشانی رۆژھەڵاتی کوردستانەوە لەگەڵ خاڵیدا ھاتووەتە ھەڵەبجە و بە پێی ئەو بەڵگەنامانانەی کە لەگەڵ خۆیدا ھێناویەتی دەڵێت من”منداڵی ونبووی ھەڵەبجەم”.

مەعسومە میربەگی، ناوی ئەو ژنەیە و تەمەنی 34 ساڵە، ھاوسەرگیری کردووە و خاوەنی دوو منداڵە، ماوەی 13 ساڵە ھاوسەرگیری کردووە و لەو کاتەوە دایک و باوکی پێیان وتووە کە تۆ کچی ئێمە نیت و ئێمە تۆمان بەخێوکردووە.

مەحسومە میربەگی لەسەر ئەم بابەتە بە 964ـی وت، “دوای ئەوەی کە زانیم من کچی ئەو خێزانە نیم، دەستمکرد بە گەڕان بە شوێن ناسنامەی خۆمدا، ماوەی شەش ساڵیشە بەپێی ئەو بەڵگانەی کە بەردەستم کەوتوون و ئەو پشکنینەی کە کردوومە پێیان راگەیاندووم کە من کچی کوردستانم و منداڵی ونبووی ھەڵەبجەم”.

بە وتەی مەعسومە میربەگی، ئەمە یەکەم جارە دێتە ھەرێمی کوردستان و پێشتر لە رێگەی ئۆنلاینەوە ھەوڵی داوە کە بەڵگەی کوردستانی بوونی دەستبکەوێت، ئێستا کە گەڕاوەتەوە بەڵگە و شاھیدیشی ھەیە کە ئەو خێزانەی بەخێویان کردووە لە ئۆردوگایەک ھەڵیانگرتووە، کە خەڵکی ھەڵەبجەی لێبوون.

گۆران ماد، پارێزەری مەعسومە بە 964ـی وت، راستە تەمەنی مەعسومە لە کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە کەمترە، بەڵام ئەمە ئەوە ناسەلمێنێت کە منداڵی ھەڵەبجە نییە، بەڵکو دەتوانین بڵێین کە منداڵێکی ونبووی ھەڵەبجەیە و بە چەند ساڵێک دوای کارەساتەکە لەدایکبووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

لیستێك ئامادەكراوە زیاتر لە 100 منداڵی ونبووی هەڵەبجەی ...

لیستێك ئامادەكراوە زیاتر لە 100 منداڵی ونبووی هەڵەبجەی لەخۆگرتووە