کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی بۆ ئەنجامدرا

بۆ جێبەجێکردنی رێکەوتنەکەی عەبدی و شەرع کۆنفڕانس دەکرێ

964+
ئەحمەد مستەفا

بڕیار دراوە بە ئامادەکاری بەستنی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی کە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا “رۆژئاوای کوردستان” لەخۆ بگرێت، ئەوەش بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکەی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع.

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک “هەسەدە” مەزڵوم عەبدی و ئەندامی فەرمانداری گشتیی هێزەکانی پاراستنی ژنان و بەڕێوەبەر و هاوسەرۆکانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، لە نوێنەرانی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە قامیشلۆ، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیان ئەنجامدا.

بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، رێگاکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئاداری نێوان فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە، مەزڵوم عەبدی و سەرۆکی حکومەتی کاتی دیمەشق ئەحمەد شەرع و دەستپێکردنی یەکەم خولی شاندی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بۆ دیمەشق و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە تاوتوێ کراوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی بەرگری لە دیمەشق لە شەڕی دژی داعش کرا، هەروەها باس لە بارودۆخی دیلەکانی داعش و ئەو کامپانە کراوە، کە دەیان هەزار خێزانی داعشی تێدا ەاگیراون.

هەروەها، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر سووریا تاوتوێ کرا، کە لەلایەن ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپاوە پێشوازی لێکراوە، ئەو بڕیارە بە هەنگاوێکی گرنگ دانراوە لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی سوریا و زەمینە بۆ سەقامگیری و ئاسایش لە سوریا خۆش دەکات.

دەقی رێککەوتنی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع:

-مافی سەرجەم سورییەکان زامنکراو دەبێت لە نوێنەرایەتیکردن و بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسی و سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.

-کۆمەڵگەی کوردی، کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنی دەوڵەتی سوریایە و سەرجەم مافەکانی لە هاوڵاتیبون و هەموو مافە دەستورییەکانی پارێزراو دەبێت

– ڕاگرتنی شەڕ لە سەرجەم ناوچەکانی سوریا

-بەستنەوەی سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ( ڕۆژئاوای کوردستان ) بە ئیدارەی نوێی سوریاوە، بە دەروازە سنوری و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و غازییەکانیشەوە

-زامنکردنەوە گەڕانەوەی سەرجەم کۆچبەرە سورییەکان بۆ ناوچەکانیان و پاراستنیان لەلایەن دەوڵەتی سوریاوە

-پاڵپشتی سوریا بۆ بەرەنگاربونەوەی پاشماوەکانی رژێمی بەشار ئەسەد و سەرجەم ئەو مەترسییانەی ڕوبەڕوی خەڵک دەبنەوە

-ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشکردن و وتاری ڕق و هەوڵەکانی بڵاوکردنەوەی ئاژاوە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای سوریا.

– لیژنە جێبەجێکارەکان کار و هەوڵ دەدەن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەمساڵ تێپەڕ نەکات

رۆژئاوای کوردستان بۆ ئۆتۆنۆمی شاند بۆ دیمەشق دەنێرێ

رۆژئاوای کوردستان بۆ ئۆتۆنۆمی شاند بۆ دیمەشق دەنێرێ