گراهام ئارنۆڵد راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق
هیچ ئەكاونتێكی لە سۆشیال میدیا نییە
“ئەوەی بە ناوی راهێنەری عێراقەوە قسە بكات شكاتی لێدەكەین”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق روونیکردەوە، گراهام ئارنۆڵدی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق هیچ ئەکاونتێکی تایبەتی نییە لە سۆشیال میدیا، هەڕەشەی لێپرسینەوەش لەو خاوەن پەیجانەش دەكات، کە بە ساختە بە ناوی ئەوەوە دروست كراون.
فیدراسیۆنەكە ئەمڕۆ شەممە 31.5.2025 لە راگەیاندراوێكدا، بۆ رای گشتی و هەموو هاندەرانی وەرزشی روونیكرەوە، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق گراهام ئارنۆڵد هیچ ئەکاونتێکی لە سۆشیال میدیا و هیچ ئەپڵیکەیشنێکی تردا نییە، هەروەها ئەو ئەکاونتانەی ناو و نازناوی ئەویان لەسەرە ساختە و نادروستن.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، دووپاتی دەکاتەوە رێکاری یاسایی دەگرێتەبەر بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە ناوی راهێنەر گراهام ئارنۆڵد لە سەرجەم ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنە ئەلیکترۆنییەکان بەکاردەهێنن و پەیج و ئەكاونت بە ناوی ئەوەوە دروست دەكەن.
سەرچاوەكە دەڵێت، ئەمە بۆ ئاشکراکردنی راستییەکانە بۆ کۆمەڵگەی وەرزشی بە گشتی و لابردنی ئەو پەیجە ساختانەیە، کە دەنگۆ بە ناوی راهێنەرەكە بڵاودەکەنەوە و هەوڵی شێواندنی راستییەکان و بڵاوکردنەوەی درۆ و چەواشەکاری دەدەن.
گراهام ئارنۆڵدی ئوستڕالی، لە رۆژانی رابردوو بووە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق و ئێستا تیپەكە لە بەسڕە ئامادەكاری بۆ دوو یاریی چارەنووسساز دەكات بەرامبەر كۆریای باشوور و ئوردن، لە پاڵاوتنەكانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026.