"جارێ هەر پلانە"

بۆ ئەوەی نەسوتێت؛ سییەکانی سلێمانی بە کامێرا کۆنتڕۆڵ دەکرێت

964+

سلێمانی – ئەحمەد محەمەد

بەرپرسانی سلێمانی پلانیان هەیە بۆ دانانی سیستمێکی کامێرای چاودێری لەسەر چیای گۆیژە و ئەزمەڕ وەک هەنگاوێکی نوێ بۆ پاراستنی “سییەکانی شار” لە مەترسی سووتان، هاوکات چەند بڕیارێکی بەپەلەش بۆ ئەم مەبەستە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی چەند بڕیارێکی نوێی بۆ پاراستنی گۆیژە و ئەزمڕ لە سووتان خستە بواری جێبەجێکردنەوە، کە بریتی بوون لە:

قەدەغەکردنی کردنەوەی ئاگر بە دار و خەڵوز بە هەموو شێوەیەک.
قەدەغەکردنی دانان و کێشانی نێرگەلە لە دامێن و بەرزاییەکانی چیاکان.
پێویستە لە دوای کاتژمێر 11ی شەوەوە هەردوو چیاکە چۆڵ بکرێن.

ئاوارە ئەحمەد، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی، بە 964ـی وت: “بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان، لیژنەیەکی ئەمنی و پۆلیسی دارستانمان لەگەڵ دەبێت. هەر کەسێک پابەند نەبێت، بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. هەوڵدەدەین هاوسەنگییەک لەنێوان پاراستنی شاخەکان و ڕاگرتنی دڵی هاوڵاتیان و گەشتیاراندا دروست بکەین.”

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئێستادا کارکردن لە دروستکردنی “ئاگر بڕ” بۆ شاخەکان بەردەوامە؛ بەشێکی بە بلدۆزەر و بەشێکی دیکەی کە ئامێری قورس نایگاتێ، بە دەستی کرێکاران ئەنجام دەدرێت.

گۆیژە و ئەزمڕ بە کامێرا کۆنتڕۆڵ دەکرێن

سەبارەت بە پلانی داهاتوو، ئاوارە ئەحمەد وتی: “چەند پلانێکی دیکەشمان هەیە کە لە گفتوگۆداین لەسەریان و هێشتا نەبوونەتە بڕیار. یەکێک لە پلانەکان ئەوەیە کە تەواوی گۆیژە و ئەزمڕ بە کامێرای چاودێری کۆنتڕۆڵ بکرێن و ئامێری ئاگرکوژێنەوەش لە چەند شوێنێکی دیاریکراودا دابنرێن.”

بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی جەختی لەوەشکردەوە کە ئەمە هێشتا تەنیا پلانە و “پێویستی بە بڕیاردان هەیە، چونکە جێبەجێکردنی بودجەیەکی زۆری دەوێت و لە داهاتوودا بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدرێت”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

ئاگر لە شاخى گۆیژە کەوتەوە

ئاگر لە شاخى گۆیژە کەوتەوە