ئۆتۆمبێلەکەت بپارێزە

گەرمای هاوین و مەترسی سووتانی ئۆتۆمبێل؛ شارەزایەک گرنگترین رێنماییەکان دەخاتەڕوو

964+

ئاکام غەفور-سۆران

لەگەڵ هاتنى وەرزى گەرما، کەم رۆژ هەیە گوێبیستى سووتانى ئۆتۆمبێلێک نەبین، هەندێجار ئەو ئۆتۆمبێلانە مۆدێل بەرزیشن، شارەزایەکى میکانیکى ئۆتۆمبێلیش هۆکارەکەى بۆ 964 رووندەکاتەوە.

سەید ئەحمەد رواندزی، شارەزای میکانیکی ئۆتۆمبێل و وەستا لە ناوچەی پیشەسازی سۆران، لە رێگای 964ـەوە رێنمایی شۆفێران دەکات و دەڵێت: پێویستە شۆفێر بۆ ئەوەی سەیارەکەی پارێزراو بێت لە سووتان، دووربکەوێتە لە نۆژەنکردنەوەى کارەبایی کە راکێشانی وایەری زیادەیە بۆ رووناکی یان مەبەستی تر، لەگەڵ ئەوەش بەستنى بلاجکتۆر کە واتەکەی زیاترە لەوەی بۆ ئۆتۆمبێل دیارییکراوە و ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئاگر کەوتنەوە و یەکێک لە هۆکارەکان.

باسى لەوەشکرد، خراپى کوالێتى بەنزین، یەکێکى ترە لە هۆکارەکانى سووتانى ئۆتۆمبێل بە تایبەت ئەوکاتەى دەبێتە هۆى پیسبوونى فیول پەمپ.

رێنمایى شۆفێران دەکات، لە وەرزى هاویندا، زوو زوو چێکى فیول پەمپ بکەن و ئەگەر پێویست بوو بیگۆڕن، هیچ کاتێکیش لەم وەرزەدا تانکى ئۆتۆمبێلەکانیان پڕ نەکەن لە بەنزین.

بەپێى ئامارەکانى بەرگرى شارستانى هەرێم، تەنیا لە ساڵى 2024 دا، لە تەواوى هەرێمى کوردستان 594 ئۆتۆمبێل بە هۆکارى جیاواز سووتاون، هەربۆیە ئەو شارەزاى میکانیکە بە شۆفێران دەڵێت، پێویستە بەردەوام ئاگرکوژێنەوە لە ئۆتۆمبێلەکانتاندا هەبێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لە ماوەى چوار ساڵدا 1218 ئۆتۆمبێل سووتاون

لە ماوەى چوار ساڵدا 1218 ئۆتۆمبێل سووتاون