"سکراب ئەبین، بەس قەت نەمووتوە پیرم"
بەیان زەریفی خانەنشین کرا ئیتر بەس هونەرمەندە
964+
دیلان محەمەدجەزا
دوای 39 ساڵ لە خزمەتی کەرتی پەروەردە هونەرموند بەیان زەریفی خانەنشین کرا، زەریفی بە 964 وت، 39 ساڵە لەگەڵ کاری هونەری، وەک مامۆستا لە باخچەی منداڵان کاری کردووە و ئەمساڵ خانەنشین بوو.
بەیانی زەریفی لەدوای خانەنشین بوون نیازی دوورکەوتنەوە لە هونەری نییە، بەڵکو وتی، بەردەوام دەبێت لە کارکردن و لەمەبەدوا کارەکانی بەشێوەیەکی دیکە بە ئەنجام دەگەیەنێت و خانەنشین بوون کاری تێ ناکات.
جگە لە سلێمانی، ماوەی یەک ساڵ کە دوکان و ماوەی حەوت ساڵ لە ناوچەی ئەڵڵایی خزمەتی کردووە، ئەو دەڵێ ئەوەی منداڵ لێت تێدەگات، گەورە لێت تێناگات بۆیە خۆشەویستی تایبەتی هەیە بۆ منداڵ و بەهۆکاری ئارامی خۆی دەبینێ.
زیاتر لە 10 ساڵە بەیانی زەریفی بەهۆی نەخۆشی و پرۆسەی خوێندنەوە لە شاشەکانی تەلەفیزیۆن دوورکەوتووەتەوە، بەڵام کۆڵینەداوە و لە هەندێک کاری شانۆیی رۆڵی هەبووە و دواین کاریشی شانۆیی سەرشەقام بوو.
پێشتر، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ 964 بەیان زەریفی وتی، کارم بۆ فیلمێکی سینەمایی نوێ کردووە تایبەت بە فێستیڤاڵی فەرەنسا لەگەڵ دەرهێنەر هونەر سەلیم، چیرۆکەکەی باس لە دووڕوویی دەکات لە نێوان خێزانەکاندا چۆن پەرتەوازەیان دەکات.
بەیان زەریفی، یەکێکە لە ئەکتەرە دیارەکانی شانۆ و فیلم و درامای کوردی و لە ساڵی 2010 لەکاتی وێنەگرتنی درامایەک دەکەوێت و قاچی دەشکێت، بەو هۆیەوە زیانێکی زۆری بەردەکەوێت و ساڵانێک لە جێگا دەکەوێت، پاشان بەهۆی خوێندنەوە جارێکی دیکە دادەبڕێت لە شاشەکان، بەڵام ئارەزوو و توانایی بۆ کارەکە لە خەڵکی دانەبڕیوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا