ئاڵای نەتەوە یەكگرتووەكان
عێراق جێدەهێڵن
بارەگای یونامی لە موسڵ رادەستی حكومەتی عێراق كرایەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەو بینایەی کە پێشتر لەلایەن نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق (یونامی) لە شاری موسڵ بەكاردەهێنرا، وەرگیراوەتەوە، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی پلانی کۆتاییهێنان بە کارەکانی نوێنەرایەتییەکە لە عێراق، بڕیاریشە سەرجەم ئەو شوێنانە وەربگیرێنەوە كە یونامی كاری تێدا دەكرد.
وتەبێژی حکومەتی عێراق باسم عەوادی لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، حکومەتی عێراق ئەو بینایەی رادەست كرایەوە، کە پێشتر لەلایەن نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوكاریی عێراق (یونامی) لە شاری موسڵ بەكاردەهێنرا.
وتیشی، ئەم هەنگاوە لە کاتی جێبەجێکردنی پلانی کۆتاییهێنان بە کارەکانی نوێنەرایەتیی یونامی دێت بۆ ئەمساڵ، کە لە نێوان حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکاندا رێککەوتنی لەسەر کراوە و ئەو باڵەخانانەی کە دەمێننەوە لەلایەن نوێنەرایەتییەکە بەكار دەهێنرێن، رادەستی حكومەتی عێراق دەكرێنەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، حکومەت دەستخۆشی لە هەوڵی بەرچاوی یونامی دەكات لە ماوەی کاركردنیاندا لە عێراق و ئەو هاوکارییانەی کە لە جێبەجێکردنی پلانی داخستنی نوێنەرایەتییەكەیان پیشانیان داوە.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق (یونامی) نوێنەرایەتییەکی سیاسی تایبەتە کە لە ساڵی 2003 بە بڕیارنامەی 1500ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دامەزراوە، لەسەر داوای حکومەتی عێراق. لەو کاتەوە تا ئێستا لە عێراق و هەرێمی كوردستان كاردەكەن لە چەندین بواری جیاجیای وەك هاوكار و پێگەیاندن و پێشخستن، نێردەكە لە 2007 كارەكانیان فراوانتر كرا بەپێی بڕیاری 1770ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.