دیمهنێكی پڕۆژهى ئاوى ئیفراز سێی ههولێر له ئاسمانهوه
داواتان لێ دەكەین دەستی پێوە بگرن
ئاوی هەرێم بۆ 964: دڵنیایی دەدەین گۆڕانكاری له دابەشكردنی ئاوی ماڵاندا ناكرێت
964+
محەمەد فاتیح
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی وشكەساڵی و بێ ئاويی ماوەیەكە لە هەندێك شوێن كێشەی كەم ئاوی بۆ هاونیشتیمانیانی هەرێمی كوردستان درووست بووە، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لە رێگەی 964وە دڵنیایی دەدەن كە بارودۆخی ئاو وەك ساڵانی پێشوو دەبێت.
ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان لە وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی 964 وتی، “پڕۆگرامی پێدانی ئاو لەمساڵدا لە هەرێمی كوردستان هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نایەت و وەكو ساڵانی پێشوو دابەشدەكرێت بەپێی ریزبەندی گەڕەكەكان”.
وتیشی، “رەنگە تەنها لەمساڵدا رێكخستنەوە بۆ بڕی پێدانی ئەو ئاوە بكەین كە دەیدەین بە هاوڵاتیان”.
داواكارییەكیشى ئاڕاستەی هاوڵاتیان كرد و دەڵێت، ” پێویستە پێوەری ئاو و تەوافە دابنێن و زیادەڕەوی نەكەن لە بەكارهێنانی ئاودا و دەستی پێوەبگرن”.
لەلایەن خۆیەوە ئامانج جهلال، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە هەمان شێوە دووپاتیكردەوە كە تاكو ئێستا پڕۆگرامی دابەشكردنی ئاو گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە و داوا لە هاوڵاتیان دەكەین بە پێی پێویست ئاو بەكاربهێنن لەپێناو پاراستنی ئاوی گشتی.