شارەوانیی هەولێر ریكلام و پۆستەرەكان لەسەر شەقامەكان لادەبات
سەرۆكی شارەوانی: "دووبارە دایبنێن سزاتان دەدەین"
شارەوانیی هەولێر ریكلام و پۆستەرەكان لەسەر شەقامەكان لادەبات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێكی دەستپێكردووە بۆ لابردن و لێكردنەوەی هەرچی ریكلام و پۆستەر هەیە لە شەقام و دیوار و شوێنە گشتییەكان، سەرۆكی شارەوانییش دەڵێت، ئەگەر دووبارە ریكلامەكان دابنرێنەوە سزای سەرپێچیكاران دەدەن.
كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 27.5.2025 بە 964ی راگەیاند، بڵاوکردنەوەی ریکلام و لێدانی پۆستەر بە شێوەیەکی هەڕەمەکی، دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە و شێواندنی بینینی شوێنە گشتییەکانی شاری هەولێر، ئەم كارەش بە هیچ جۆرێک رێگەپێدراو نییە، بۆیە هەڵمەتێكیان لەلایەن هەر شەش بەڕێوەبەراتییەکانی شارەوانی دەستپێكردووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی و پۆلیسی شارەوانی، كە هەرچی پۆستەر و ریکلام و تابلۆ هەڵواسراوەکانی سەر شەقامە گشتییەکانی شاری هەولێرە، لایدەبەن.
وتیشی، “بە شێوەیەکی نایاسایی و هەڕەمەکی تەواوی ستوون و دیوار و شەقامەکانی ناو شاری هەولێر بەو ریكلامانە تەنراون و گوێ بە ناشیرینکردن و پیسکردنی ژینگە و شێواندنی دیمەنی شوێنە گشتیەکان نەدراوە.
هۆشدارییشی دا لەوەی، هەموو ئەو کۆمپانیا و بازاڕ و پەیمانگە و قوتابخانە ئەهلییەكان و هەموو ئەو شوێنانە ئاگادار دەكەنەوە، كە لە دووبارە دانانەوە و هەڵواسینی ئەم فلێکس و ریکلام و پۆستەرانە، رێکاری یاساییان لە بەرامبەردا دەگرنەبەر.