سەرەتای مانگی داهاتوو بودجە دەگاتە پەرلەمان

لە جیاوازی نرخی نەوت عێراق 17 ملیار دۆلار قازانج دەکات

+964

فەرمان سادق

نرخی بەرمیلێک نەوت لەبودجەدا بە 65 دۆلار جێگیر دەکرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە لەبازاڕ بە سەرووی 80 دۆلارە. پەرلەمانتارێک دەڵێت، لەمەدا عێراق 24 ملیار دۆلار قازانج دەکات.

بەبەشداری لایەنی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق لەکارەکانی بەردەوامە بۆ نووسینەوەی بودجەی 2023.

پڕۆژە یاسای بودجە، دوای تەواوبوونی کارەکانی لەوەزارەتی دارایی، رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بەمەبەستی پەسندکردن و رەوانەکردنی بۆ پەرلەمان.

لەپڕۆژە بودجەی 2023ـدا، نرخی نەوت بە 65 دۆلار دەستنیشانکراوە، ئەمەش لەکاتێکدایە نرخەکەی لەبازاڕدا سەرووی 80 دۆلارە.

دکتۆر سەباح سوبحی، جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی نەوت لەپەرلەمانی عێراق بە تۆڕی964ـی راگەیاند: ئەوەی تائێستا هەیە پێشنیارە و نەبووە بەبڕیار، چاوەڕوان دەکرێت سەرەتای مانگی داهاتوو بودجە بگاتە پەرلەمان.

زیاتر وتی “دوای گەیشتنی بەپەرلەمان ئەوا دابەشی سەر لیژنەکانی پەرلەمان دەکرێت و هەر لیژنەیەک سەرنجی خۆی لەسەر دەدات، ئێمەش لەلیژنەی نەوت قسەمان دەبێت لەسەر جێگیرکردنی نرخی نەوت لەبودجەدا وەک سەرچاوەی یەکەمی داهاتی حکومەتی عێراق”.

سەرەتای مانگی داهاتوو بودجە بگاتە پەرلەمان

ساڵی 2022، حکومەتی عێراق بودجەی رەوانەی پەرلەمان نەکرد، بۆیە ئەوەی هەبوو کۆی داهاتی فرۆشتنی نەوت گەڕایەوە وەزارەتی دارایی و خەرجییەکانی حکومەتی لێدەدرا، بۆیە ئەوە روون نەبوو کە لەنرخی حەقیقی فرۆشتنی نەوت لەبازاڕەکاندا لەگەڵ نرخی خەملێندراو لە بودجەدا، چەندە جیاوازی هەبوو.

لەساڵانی پێشتریشدا ئەو جیاوازی نرخە لەنێوان خەملاندنی لەبودجە و فرۆشتنی لەبازاڕ، لەلایەن پەرلەمانەوە دەکرایە بودجەی تەواوکاری و بەسەر بەشەکانی بودجە دابەش دەکرا.

ئەگەر نرخی نەوت لە 80 دۆلار بێت لەجیاوازی نرخی بازاڕ و خەملاندنی دەستوور عێراق 17 ملیار 881 ملیۆن دۆلاری زیادەی دەستدەکەوێت

بەپێی ئاماری سۆمۆ بێت، لەمانگی کانونی دووەمی 2023، حکومەتی عێراق 101 ملیۆن و 245 هەزار بەرمیلی هەناردە کردووە کە تێکرای رۆژانە دەکاتە سێ ملیۆن و 266 هەزار بەرمیل.

ئەگەر ئەو ژمارەیە وەک پێوەر حیساب بکرێت، هەروەها نرخی نەوتیش بە 80 دۆلار حیساب بکرێت، ئەوا لەجیاوازی 15 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لەساڵێکدا دەکاتە 17 ملیار 881 ملیۆن دۆلار.

سەباح سوبحی ئاماژە بەوە دەدات ئەگەر ئەو جیاوازییە دروست بێت، ئەوا داهاتە زیادەکەی نەوت بەسەر بەشەکانی بودجە دابەش دەکرێتەوە.