لە وەرزی قەدەغەی راوەماسیدا 55 راوچی دەستگیر کراون
چوار راوچی بە 400 کیلۆ ماسی و کیسەڵێکی (جەلاوی) لە سنووری دهۆک دەستگیرکران
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
چوار راوچی بە 400 کیلۆ ماسییەوە لە سنووری دهۆک و لەسەر بەنداوی موسڵ دەستگیر کران و لە وەرزی قەدەغەی راوەماسیدا، 55 راوچی لەو دەڤەرە دەستگیر کراون.
دوو مانگ و شەش رۆژە بەڕێوەبەرایەتی هێزی دهۆک بۆ پاراستنی ژینگە، مەفرەزەی گەرۆکی لە سەرجەم بەنداو و رووبارەکانی پارێزگاکە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ داناوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 26.5.2025 رەمەزان سیاری بەرپرسی مەفرەزەی هێزی دهۆکی ژینگەپارێزی پێشمەرگە لە پاڕیزگای دهۆک بە 964ـی وت، ” لە گوندی سورێ لە نێوان قەزای باتیفا و سێمێل و لەسەر بەنداوی موسڵ، چوار کەس لەکاتی راوەماسیدا لەلایەن تیمەکانمانەوە دەستگیر کراون”.
“ئەو کەسانە کوردن و 400 کیلۆ ماسیان پێوە گیراوە لەگەڵ جورە ئاژەڵێک کە وەکو کیسەڵەیە و هەر کیلۆیەکی بە 50 هەزار دینارە”، رەمەزان سیاری وای وت.
کیسەڵی “جەلاوی”، ناوە زانستییەکەی “رافتیز یوفراتیک”ـە، واتە کیسەڵی رووباری فورات، خاوەنی قۆزاخەیەکی نەرمە و بەهۆی ئەوەی گۆشتەکەی دەخورێت، مەترسی لەنێوچوونی لەسەرە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەرەتای وەرزی قەدەغەی راوە ماسی تا ئەمڕۆ، 55 کەسیان دەستگیر کردووە و دەستیشیان بەسەر زیاتر لە 900 کیلۆ ماسیدا گرتووە، سەرجەم ئەو کەسانەش دراونەتە دادگا و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ لە 20.3.2025ـەوە قەدەغە خراوەتە سەر راوەماسی تاوەکو 20.6.2025 و هەر کەس لە چەم و رووبار و دەریاچەکان راو بکات سزا دەدرێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری