باوکەکە زیندانییە و دایکەکە جێى هێشتوون

پێنج منداڵى کەرکوکى بێ حاڵ و ماڵ ماونەتەوە

964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک

باوکەکە لە زیندانە و دایک بەهۆى ناکۆکى لەگەڵ ماڵە خەزورانى ئامادەنییە بیانگرێتە خۆی، ئەمە باسى پێنج منداڵى کەرکوکییە کە دوانیان کچن و گەورەکەیان 15 ساڵە و بێ حاڵ و ماڵ ماونەتەوە و خانەى بێسەرپەرشتانیش نایانگرێتە خۆى.

سەرچاوەیەکى ئاگادار لەو دۆسیەیە بە 964ـى وت،”پێنج منداڵى خێزانێک کە باوکیان لە زیندانە و دایکیان بەهۆى ناکۆکى لەگەڵ ماڵە خەزورانى جێی هێشتوون، منداڵەکان بێ پەناگە ماونەتەوەو شوێنى حەوانەوەیان نییە، هەرچەندە بە تەلەفون پەیوەندی بە بەرێوەبەری خانەی منداڵانی بێ سەرپەرشتکراوە بۆ وەرگرتنیان، بەڵام بەهۆی نەبونی نوسراوی دادگای کەرکوک، خانەکە ئامادەنییە منداڵەکان وەربگرت”.

“سەرەڕاى نەبوونى نوسراوى دادگا، دوو لە منداڵەکان کچن و گەورەترینەکەیان 15 ساڵە، بۆیە خانەکەش لەبەر ئەوەى هى کوڕانە، بەهەمان شێوە ناتوانێت بیانگرێتە خۆی”، سەرچاوەکە واى وت.

لاى خۆیەوە نیزاڵ نازم، بەڕێوەبەرى رێکخراوى چاوی ژیان تایبەت بە مافی منداڵان و ژنان لە کەرکوک بە 964ـی وت،”بەپێى یاساى کاروبارى کۆمەڵایەتى عێراق، نالێت کچ و کوڕ لە خانەى بێسەرپەرشتان بەیەکەوەبن و دەبێت شوێنیان جیابێت، لە کەرکوکیش خانەى تایبەت بە کچانمان نییە و دەبێت رەوانەى شارى بەغدا بکرێن”.

ئێستا چارەنووشى ئەو منداڵانە بەنادیارى ماوەتەوە، چونکە وەک نیزاڵ نازم باسى دەکات، لەرووى دابونەریتى کۆمەڵایەتییەوە ناگونجێت، چونکە ئەگەر بنێردرێنە بەغداد تێکەڵى کەسانى دیکە دەکرێن و شەوانە دەکرێنە دەرەوە و هەندێ جار کارى خراپیان پێدەکرێت.

هەرچەندە زیاتر لە 10 ساڵە داواکارى پێشکەش بە حکومەت کراوە بۆ کردنەوەى خانەى بێسەرپەرشتانى کچانى بێسەرپەرشت، بەڵام وەک نیزاڵ باسى دەکات، دەستێوەردانى سیاسى ناهێڵێت بکرێتەوە.

ئەو پێنج منداڵە ئێستا لاى کەسێکى نزیکى خۆیان ماونەتەوە و بەشێوەیەکى کاتى لەخۆیان گرتوون، بەڵام وەک ئەوەى سەرچاوەکە باسى دەکات، رەنگە لە رۆژانى داهاتوودا بخرێنە سەرشەقام.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

پەرلەمانیش چووە ناو کەیسی منداڵە ونبووەکەی هەڵەبجەوە

پەرلەمانیش چووە ناو کەیسی منداڵە ونبووەکەی هەڵەبجەوە