پرۆژەکە پاکدەکرێتەوە
ئەو بۆنە ناخۆشەی لە ئاوی خواردنەوەی خورماتوو دەهات چارەسەر دەکرێت
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
پڕۆژەی ئاوی خورماتوو کە سەرچاوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوهی ماڵانە لە قەزاکە، ماوەیەکە بۆنێکی یەکجار ناخۆشی گرتووه و هاوڵاتیان دەڵێن کاتێک ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە هیچ سوودێک لەو ئاوە نابینن چونکە شیاوی خواردنەوە نییە و تەنانەت بۆ خۆشوردنیش بەکەڵ نایات.
گلەیی خەڵکی قەزاکە گەیشتووەتە ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و بڕیارە لە 3.6.2025ـەوە دەستبکرێت بە پاککردنەوەی پرۆژەی ئاوی خورماتوو و لیژنەیەکیش بۆ چاودێریکردن و پاکراگرتنی ئاوەکە پێکدەهێنرێت.
یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە 964ـی وت، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئیدارەی قەزا و بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوەئاویەکاندا کۆدەبنەوە بەمەبەستی دانانی رێگە چارەیەک و دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ پڕۆژەئاوەکە، چونکە لە داهاتودا کێشەی کەمی ئاو رویان تێدەکات.
“لە ئەگەری راوەستانی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەزاکە، ئەوا دانیشتووانی قەزاکە کە ژمارەیان نزیکەی 150 هەزار کەسە پێویستییان بە زیاتر لە 50 بیری ئاو هەیە، بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی پڕۆژە ئاوەکەیان”، ئاسین محەمەد وای وت.
سەرچاوەی ئاوی خورماتوو، لە دوکانەوە دێت بە ئاراستەی کەرکوک و پاشان دێتە قەزای داقوق و لەوێشەوە شۆڕدەبێتەوە بۆ سنووری خورماتوو و دەروبەری.
پێداچوونەوە : هاوبەش ئەبوبەکر