ئەگەر پڕۆژەکە خرایە بوارى جێبەجێکردنەوە
گەرمیانییەکان مانگانە 72 هەزار کارەباى 24 کاتژمێرى دەدەن
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
بەپێى خەمڵاندنێکى کارەباى گەرمیان، ئەگەر پڕۆژەى رووناکى بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، هەر هاوبەشێکى کارەبا لە گەرمیان مانگانە کەمتر لە 80 هەزار دینار دەدات.
لە گەرمیان 85 ھەزار ھاوبەشی کارەبا ھەیە، لەو ژمارەیە 83%یان هاوبەشى ماڵانن.
عادل جەلال، بەڕێوەبەری کارەبا و وزەی گەرمیان بە 964ـى وت،”بەپێی ئەو بەدواداچونانەی کردویانە، لەکۆی 83%ـى ھاوبەشانی کارەبای ماڵان لە گەرمیان 77%ـى ماڵەکان، مانگانە کەمتر لە 800 کیلۆ وات کارەبا سەرف دەکەن، بەمەش بەو نرخەی پرۆژەی روناکی دیارى کردووە هەر هاوبەشێک لە گەرمیان مانگانە نزیکەى 72 هەزار دینار دەدات”.
“لە مانگی 9ـى ساڵی داھاتوو پرۆژەی روناکی لە گەرمیان دەستپێدەکات، تا مانگی 12 دەبێت تەواوی گەرمیان و ھەرێمی کوردستانیش ببێت بە کارەبای 24 کاتژمێری”،عادل جەلال وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەرمیان لە ھەموو رویەکەوە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی روناکی و ھیچ گرفتێکیان نییە، ئەگەر بڵێن لە سبەینێوە دەستپێبکەن، بەوتەى عادل جەلال، ئامادەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح