"ئامێرێکە زیانی نە بۆ مرۆڤ و نە بۆ سەگیش نییە"
بە یەک دوگمە سەگ لە خۆت دوور بخەرەوە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر سەگی بێلانە لەسەر شەقام و کۆڵانەکان، هاوڵاتیان پەنایان بردووەتە بەر ئامێرێک بۆ دورخستنەوەی ئەو سەگانە.
سەڵاح ئیدریس فرۆشیار بە 964ـی وت، ماوەیە سەگی بێلانە لە کوچە و کۆڵانەکان زۆربوون و هەندێک جار پەلاماری منداڵ و مرۆڤەکان دەدەن، ئێمەش لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییەوە ئەم ئامێرەمان هێنا بۆ دورخستنەوەی سەگەکان”.
“ئامێرەکە دەنگێک دەردەکات، سەرو توانای مرۆڤە، واتە مرۆڤ دەنگەکە نابیستێ و چەند فرێکوێنسییەکی هەیە کە تەنیا سەگ بێزار دەکات و دووری دەخاتەوە”، سەڵاح ئیدریس وای وت.
باسی لەوەشکرد، ئەوانیش ئاژەڵدۆستن و ئەو ئامێرەیان بۆیە هێناوە کە نە کاریگەری خراپی بۆ مرۆڤ هەیە نە بۆ ئاژەڵیش.
ئامێرەکە بایی 20 هەزار دینارە و بەقسەی سەڵاح ئیدریس، موشتەری باشی هەیە و ژمارەیەکی زۆری لێفرۆشراوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری