بڕیارە لە 200 رۆژدا تەواو ببێت
رێگای بەغدا لە خانەقین دەکرێت بە دووساید
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
دەستکرا بە دروستکردنی دووسایدی رێگای بەختیاری – خانەقین بەرەو دەروازەی باشوری شار و بڕیارە لە 200 رۆژدا رێگاکە بکرێتەوە.
رێگاکە بە بڕیاری پارێزگاری دیالە دروست دەکرێت و جەواد فەیزوڵا قایمقامی خانەقین بە 964ـی وت، “لە سەرەتای گەڕەکی بەختیاری بەرەو گوندی بەهاری تازە کە درێژییەکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت، جادەیەکی دوو ساید دروست دەکرێت لەگەڵ سیستەمی رووناکی و سەوزکردنی ناوەڕاست و دەورووبەری جادەکە بە پانی 27 مەتر”.
ئەو جوتسایدە بە رێگای بەغداد ناسراوە کە ناوشاری خانەقین بە دەروازەی باشور دەبەستێتەوە و گوژمەی پرۆژەکە دوو ملیار و 114 ملیۆن دینارە و دەبێت لە ماوەی 200 رۆژدا کارەکانی تەواو ببن و رێگاکە بکرێتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری