دیمەنێک لە ئاگرەکەی شەوی رابردووی سنووری قوشتەپە
بەرگرى شارستانى پێشمەرگە ئاسا فریاکەوت
شەوى باو ئاگر بوو بۆ سنوورى هەولێر
964+
وریا فەتاح
ئەمشەو سەرەڕاى بایەکى بەهێز لە سنوورى هەولێر، لە دەشتاییەکانى گوندى سۆربەش کاکەڵا لە ناحیەى شەمامک و دەشتى قوشتەپە ئاگر کەوتەوە، بەڵام 12 تیمى بەرگرى شارستانى فریاکەوتن.
شاخەوان سەعید وتەبێژى بەرگرى شارستانى هەولێر بە 964ـى وت،”ئەمشەو لە دوو ئاگر ئاگادارکراینەوە، یەکیان لە دەشتى شەمامکە و ئاگرێکى گەورەیە و تائێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە، بەڵام هەشت تیممان لەوێیە و سەرقاڵى کۆنتڕۆڵکردنن”.
لەبارەى ئاگرەکەى دەشتى قوشتەپە، شاخەوان سەعید وتى،”چوار تیمى بەرگرى شارستانى توانیان کۆنتڕۆڵى بکەن”.
ئاماژەى بەوەشکرد، بەهۆى بوونى بایەکى بەهێز جگە لەوەى ئاگرەکان تەشەنەیان کردووە، کۆنتڕۆڵکردنیشى زەحمەت کردووە.
لە ئێستادا تیمەکانى بەرگرى شارستانى لە دەشتى شەمامک سەرقاڵى کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکەن و ئاگرەکەش بەردەوامە.