لە ئۆپراسیۆنێکدا چوار چەکداری رێکخراوی داعش كوژران

964+

کاروان ساڵحی

لەئۆپراسیۆنێکی هاوبەشدا لەباشووری رۆژئاوای داقوق، چوار چەکداری رێکخراوی داعش كوژران.

كاتژمێر چواری ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 14.2.2023، هێزی دژە تیرۆر و لیوای 45ـی سوپای عێراق ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشیان بۆ سەر چەکدارانی رێکخراوی داعش لەناوچەی رۆخانەی باشووری رۆژئاوای داقوق ئەنجامدا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەست تۆڕی964 کەوتووە، لەو ئۆپراسیۆنەدا چوار چەکداری داعش کوژراون کە سێ لەوان بەچەکی قەنناس لەدوورەوە کوژراون.

سەرچاوەیەكی سەربازی لەقەزای داقوق بە تۆری964ـی وت، ئۆپراسیۆنەکە دوای كۆكردنەوەی زانیاری هەواڵگری بووە لەسەر جموجۆڵی چەکدارانی رێکخراوی داعش لەسەر پردی زجی لەناوچەی چەمی رۆخانە لەباشووری رۆژئاوای داقوق کە بەناوچەی وادی شای ناسراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، لەئۆپراسیۆنەکەدا چوار چەکداری رێکخراوی داعش كوژران، سێ لەوان لەرووبەڕووبوونەوە بووە، ئەوەی چوارەمیش بە بۆردومانی فڕۆكە بووە.

“دواتر سەرجەم تەرمەكان كەوتنە دەست هێزەکانی سوپای عێراق، هەروەها دەستبەسەر چەك و تەقەمەنیەکانیشیان گیراوە بگیرێت كە بەكاریان هێنابوو لە شەڕەكە”. سەرچاوەکە وای وت.
پێداچوونەوەی: فەرمان سادق